رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو 5ی ئاب پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ حەجی ساڵی داهاتوو کۆتایی بێت، بەڵام پێنج رۆژ درێژکرایەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێ، دوو رۆژ کات ماوە و "هیچ بڕیارێک" بۆ درێژکردنەوەی کاتەکە نییە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 8ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 68 هەزار فۆرم پڕکراونەتەوە. فۆرم هەیە دوو بۆ سێ کەس ناویان تۆمارکردووە. بەگشتی، ژمارەی ئەو کەسانە دەگاتە زیاتر لە 80 هەزار کەس کە دەیانەوێ ساڵی داهاتوو بچنە حەج".
کاروان ستوونی گوتی: "جاری یەکەم کە پێنج رۆژ کاتەکە درێژکرایەوە بۆ ئەوە بوو هەرکەس نەیتوانی بێت ناوی تۆمار بکات، دەرفەتێکی دیکەی پێ بدرێ. ئێستا هیچ بڕیارێک نییە کاتەکە درێژ بکرێتەوە و 10ـی ئاب دوایین رۆژ دەبێت".
ئەم ساڵ بۆ ناوتۆمارکردن تەمەن نەکراوەتە پێوەر، هەروەها ئەوانەی پێشتر حەجیان کردووە، مافی ئەوەیان نییە فۆرم پڕبکەنەوە.
گوتەبێژی حەجی عومرە دەڵێ، لە دوای راگرتنی ناوتۆمارکردن و کارە کارگێڕییەکان، "بە زووترین کات" ناوی ئەوکەسانە ئاشکرا دەکەن ساڵی داهاتوو دەچنە حەج.
ناونووسین بۆ حەج ئەم ساڵ 21ی تەممووز دەستیپێکرد. پار ناونووسین بۆ حەج لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕکردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
ئەم ساڵ 7ی ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەستیپێکرد و دوایین گەشت 17ی ئایار بوو.


