رووداو دیجیتاڵ
بۆ داواکردنی دامەزراندن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، یەکێک لە مەرجەکان بۆ ئەوانەی بڕوانامەیان هەیە، هەبوونی وێنەیەکی بڕوانامەکانیانە. گوتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێ، دەرچووان دەتوانن بە ئۆنلاین داوای بڕوانامە بکەن، بەڵام لە سلێمانی دەبێت دەرچوو بچێتەوە زانکۆکەی بۆ وەرگرتنەوەی بڕوانامەکەی. وەزارەتیش دەڵێت، ئاسانکاری دەکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە "لە رۆژانی داهاتوودا" پلاتفۆرمێک بۆ دامەزراندنی نزیکەی هەزار کەس کارا بکات، کە وەکو "لە جێ دانان" ناوی دەهێنن.
بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە ئۆنلاین، جگە لە ناسنامە پێویستەکان، نووسراوی ئەو زانکۆیەی کەسەکە بڕوانامەی لێ بەدەستهێناوە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی دامەزراندنەکە.
زانکۆی سەڵاحەدین بڕوانامە بە ئۆنلاین دەدات و زانکۆی سلێمانی ئامادەبوونی دەرچووەکەی دەوێ
سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، ئەمڕۆ 8ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر دەرچوویەکی زانکۆکەمان داوای بڕوانامە بۆ دامەزراندن بکات لای ئێمە، بە ئۆنلاینە و پێویست ناکات سەردانی زانکۆ بکات بۆ داواکردنی بڕوانامەکەی".
گوتەبێژی زانکۆی سەڵاحەدین گوتی: "بۆ وەرگرتنەوەی بڕوانامە، دەرچووان دەتوانن سەردانی زانکۆ نەکەن، چونکە زانکۆکەمان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئێگڵ پۆست (Eagle Post) هەیە، بۆیە لە هەر شوێنێک بێت بۆی دەنێردرێتەوە ماڵەوە، خۆیشی بیەوێت دەتوانێت سەردانی زانکۆ بکات و وەریبگرێتەوە".
د. یۆهان عوسمان، گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر دەرچوویەک داوای بڕوانامە بکات، دەبێت خۆی سەردانی زانکۆ بکات و کاروباری وەرگرتنی بڕوانامەکەی جێبەجێ بکات".
لەبارەی کاتی وەرگرتنەوەی بڕوانامە بۆ دەرچووان، گوتەبێژی زانکۆی سلێمانی گوتی: "ئەگەر بڕوانامەکە بە نمرەکانەوە پێویست بێت بۆ وەرگرتنەوەی چەند رۆژێکی دەوێ، ئەگەر تەنیا بڕوانامەی دەرچوون بێ و پشتگیر بکرێ کە دەرچووی زانکۆکەیە، ئەوە هەمان رۆژ کەسەکە پشتگیرییەکەی پێ دەدرێتەوە".
خوێندنی باڵا: تەنیا پشتگیرییەکمان دەوێ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، بۆ داواکردنی دامەزراندن دەیانەوێ هەموو ئاسنکارییەک بۆ دەرچووان بکەن و بڕوانامەیان بە نمرەکانەوە ناوێ و "تەنیا پشتگیرییەکی دەرچوون لە تۆمارگەی زانکۆکان پێویستە".
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ 8ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی روودای گوت: "ئەوەی ئێمە دەمانەوێ تەنیا پشتگیرییەکە کە زانکۆ بۆ دەرچووەکەی بکات کە لای ئەوان بووە و بە چ پلەیەک دەرچووە، پێویست ناکات نمرەکانی تێدا بێت".
لە نووسراێکدا کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی 6ـی ئاب بۆ زانکۆکان نارد، رایگەیاندووە: "لە چوارچێوەی پڕۆسەی دامەزراندن بە گرێبەست بە لەجێدانان لەسەر میلاکی وەزارەتمان و ئەو رێکارانەی بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی پێشکێشکارانی شایستە بە سیستمێکی دادپەروەرانە پەیڕەودەکرێن، بە بەڕێزتان رادەگەیەنین کە هەر دەرچوویەک یان زانکۆ کە داوای پشتگیری دەکات بۆ مەبەستی سەرەوە، لەبەرامبەر پێدانی نووسراوی پشتگیری هیچ بڕە پارەیەکی لێوەرنەگیرێت، چونکە پشتگیرییەکە تەنیا بۆ مەبەستی پێشکێشکردنە".
د. توانا نەجەف دەڵێ: "پشتگیرییەکە بۆ ئەوەیە دڵنیابینەوە کە کەسەکە لەو زانکۆیە دەرچووە، ئێستا بڕیاردراوە تاوەکو داواکارییەکەیان یەکلایی دەبێتەوە بۆ پشتگیرییەکە پارەیان لێوەرنەگیرێ".
30ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەسەرپەرشتی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی و بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە مرۆییەکانی زانکۆکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی تایبەتمەند لە دیوانی وەزارەت ئامادەبوون، وردەکاری و شێوازی پێشکێشکردن بە سیستمی ئەلیکترۆنیی تایبەت بۆ لەجێدانانی گرێبەستەکان بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر ناویان گەڕاوەتەوە، بەڵام بە هۆکاری جیاجیا دەستبەکارنەبوون روونکرایەوە".
وەزیری خوێندنی باڵا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "پاڵپشت بە بڕگەی شەشەم لە رێنمایی ژمارە 10ـی ساڵی 2019ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەپێی پسپۆڕی یان بڕوانامە، کە ئەمەش پڕۆسەیەکی تەواو شەفاف و دادپەروەر و یەکسانە و سەرجەم دەرچووانی دانەمەزراو بەبێ جیاوازی لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەتوانن بە ئەلیکترۆنی داواکاری بۆ دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست لە زانکۆکان پێشکێشبکەن".
هەروەها د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی رایگەیاند: "سیستمەکە رەچاوی خاڵبەندی دەکات بۆ پێشکێشکاران و هەموو ئەوانەی داواکاری بۆ لەجێدانان پێشکێشدەکەن پێویستە مەرج و رێنماییەکان تێدابێت و سیستمەکەش ئاسانکاریی تەواوی بۆ پێشکێشکاران کردووە".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رووداوی گوت، بۆ دامەزراندنەکە هەموو کەسێک دەتوانێت داواکاری پێشکێشبکات و لە کۆتاییدا نزیکەی هەزار کەس بە گرێبەست دادەمەزرێن.



