رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی شەوی رابردووی دەڤەری باڵەکایەتی، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 6 کەسیش برینداربوون. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاشتیی سۆران دەڵێ، سێ لە بریندارەکان دۆخی تەندروستییان جێگیرە و نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە.
دکتۆر بەرەڤان سەباح، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاشتیی سۆران، ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکێک لە بریندارەکان برینەکەی سووک بوو و لە نەخۆشخانە نەمایەوە. سێ برینداری دیکە کە دوو لەوان منداڵ بوون، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی چارەسەر نێردرانەوە بۆ ماڵەوە."
دکتۆر بەرەڤان سەباح ئاماژەی بەوەشکرد، دوو لە سەرنشینەکان برینەکەیان زۆر سەخت بوو و تووشی خوینبەربوونی مێشک و سینگ ببوون، بۆیە لە نەخۆشخانەی ئاشتی نەهێڵدرانەوە و رەوانەی هەولێر کران.
لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکەوە، عەقید زرار حوسێن، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تیمەکانی پۆلیسی خۆجێیی و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لیژنەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە. بە شێوەیەکی گشتی، ناوچەکە شاخاوییە و رێگەکەی سەختە، سەرنشینەکانی نێو ئۆتۆمبێلەکەش ژمارەیان زۆربووە. کاتێک شۆفێرەکە ویستوویەتی بگەڕێتەوە دواوە، ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە و کەوتووەتە نێو دۆڵەکەوە."
بە گوتەی عەقید زرار حوسێن، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرنەچوون.
.jpeg&w=3840&q=75)


