رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەڵێت، قۆرخکردن و گرانکردنی نرخی کاڵا و سووتەمەنی کارێکی نادروست و بێویژدانییە و دەبێت حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان دەست بە لێپرسینەوە بکات.
پرۆفیسۆر دکتۆر حەسەن موفتی، رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر فرۆشیار یان بازرگانێکی خۆراک و بەنزین نرخ بەرز بکاتەوە، کارێکی نادروست و بێویژدانانە دەکات."
هەروەها گوتی، هەندێک بازرگان و فرۆشیار لە نەبوونی چاودێری و بێهەڵوێستیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کەڵکیان وەرگرتووە و نرخی کاڵا و خۆراک و بەتایبەتی سووتەمەنییان بەرز کردووەتەوە و "رێگریکردن لە هاوردەکردنی سووتەمەنی خیانەتێکی گەورەیە بە خەڵکی هەژاری کوردستان."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، لەبارەی رێگریکردن لە هاوردەکردن و قۆرخکردنی کاڵا و سووتەمەنی بۆ ناو شارەکان، دەڵێت: "هەر رێگرییەک لەلایەن حکومەت، دەزگا، حیزب یان کۆمپانیایەک بکرێت بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنیی باش بۆ هەرێمی کوردستان، حەرامە و خیانەتێکی گەورەیە بە ئیسلام و بە خەڵکی هەژاری کوردستان."
حەسەن موفتی هەروەها رایگەیاند، لە کاتی گرانیدا دەکرێت ئەنجوومەنی پارێزگاکان نرخ بۆ کاڵا پێویستەکان و سووتەمەنی دیاری بکەن، چونکە لە سەردەمێکداین کە پاڵنەری دینی و ویژدانی و نیشتمانی لاواز بووە و "بەداخەوە بێڕەحمی باڵی بەسەر بەشێک لە بازرگاناندا کێشاوە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "پەرلەمان پاڵی داوەتەوە، ئەحزابیش خەوتوون و بێهەڵوێستن، حکومەتیش کاربەڕێکەرە و کەس خۆی ناکاتە سەرپەرشتیار، بازرگانیش بە کەیفی خۆی یاریی بە نرخەکان دەکات."
لە 5ـی ئابەوە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرزبووەتەوە. ئەمڕۆ لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە بەشێکی شارەکان هەزار و 500 دینارە. لیترێک بەنزینی سووپەر لە هەولێر و دهۆک دوو هەزار دیناری تێپەڕاند و لە سلێمانی و هەڵەبجە بڕێک کەمترە لەو نرخە.
بۆ دابەزینی نرخی بەنزین، 20ـی تەممووز وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نابێت نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لیتری بە 850 دینار زیاتر بفرۆشرێت. رۆژێک دواتریش نرخی بەنزینی موحەسسەنی بە هەزار دینار و سووپەری بە هەزار و 200 دینار دیاریکرد، بەڵام جێبەجێ نەکرا و دوای چەند رۆژێک لە کەمیی بەنزین، 28ـی تەممووز بازاڕ ئازادکرا، ئێستا لە تابلۆی نرخی بەنزینخانەکان چەندین نرخی جیاواز دەبینیت.



