رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی ناوداری دەڤەری بادینان، ساڵح حاجی حامید، ناسراو بە ساڵح ئامێدی لە شاری دهۆک کۆچی دواییکرد.
حەسەن فەتاح، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی دهۆک، ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هونەرمەند ساڵح ئامێدی نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆچی دواییکردووە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی دهۆک گوتی: "هونەرمەند ساڵح ئامێدی ماوەیەک بوو نەخۆش بوو، ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە لە ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دواییکرد."
ساڵح ئامێدی لە دایکبووی قەزای ئامێدییە لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە و بە یەکێک لە هونەرمەند و دەنگبێژە دیارەکانی بادینان و کوردستان دادەنرێت.



