رووداو دیجیتاڵ
لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر لە نزیک جیهان سیتی تانکەرێکی سووتەمەنی ئاگری گرت. پەیامنێری رووداو دەڵێ، شۆفێری تانکەرەکە گیانی لەدەستداوە.
لەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراون دەردەکەوێ ئاگر و دووکەڵێکی چڕ ناوچەکەی گرتووەتەوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی رووداوەکە نازانرێ و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
شایەتحاڵێک لە شوێنی رووداوەکە بە رووداوی گوت، بینیویەتی کە بارهەڵگرەکە وەرگەڕاوە، "دواتر ئاگری گرتووە و چوار رمبە هاتووە."
شایەتحاڵێکی دیکە کە خۆیشی شۆفێری بارهەڵگرە، باسی لەوە کرد، ساتی رووداوەکەی بینیوە و "بارهەڵگرەکە زۆر بە خێرایی هات و پێش من کەوت، خێراییەکەی 100 بۆ 110 دەبوو. بۆ بارهەڵگر شەقامەکە خێرایی دیاریکراو 80 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا. نازانم تایەی تەقی یان سەرقاڵی مۆبایل بوو، لەپێشمەوە وەرگەڕا و من یەکسەر رامگرت، نزیکەی 700 مەتر لە منەوە دوور بوو."
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، توانیویانە لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، شۆفێری بارهەڵگرەکە گیانی لەدەستداوە، دەست بە خاوێنکردنەوەی شەقامەکە کراوە و کەمتر لە کاژێرێکی دیکە دەکرێتەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گلەیی لەو گەنجانە کرد کە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لایڤی تیکتۆک دەکەنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوە کێشە بۆ کارەکانیان دروستدەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانیان.
بارهەڵگرەکە هەڵگری تابلۆی سلێمانییە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازاندرێ شۆفێری بارهەڵگرەکە کە گیانی لەدەستداوە کوردە یاخود لە نەتەوەی دیکەیە.


