رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار، تەرمی گەنجێک لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە. ئاماژە پزیشکییەکان بۆ ئەوە دەچن، ئەو گەنجە چەند رۆژێک پێش ئێستا گیانی لەدەستدابێت.
عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە لایەن دراوسێی ماڵەکەوە ئاگادارکراینەوە بۆنێکی ناخۆش و نائاسایی لەو ماڵەوە دێت؛ دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس و چوونە ناو ماڵەکە، دەرکەوت تەرمی گەنجێک لەوێدایە."
بەگوتەی شایەتحاڵانی نزیک لە شوێنی رووداوەکە، ئەو گەنجە مامۆستایە ناوی شکار عەبدوڵڵایە تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە و بە تەنیا لەو ماڵەدا ژیاوە.
بەگوێرەی شایەتحاڵان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی بۆنەکەوە دراوسێکان گومانیان لا دروستبووە و پۆلیسیان ئاگادارکردووەتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە دیار نییە. لە ئێستادا تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکیی کەلار کراوە بە مەبەستی پشکنین و پۆلیسیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی رووداوەکە.


