رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمپانیای شکار مووچەی نەدراوی مانگێکی ژینگەپارێزانی چەمچەماڵی خەرجکرد و ئامێرەکانی لەو شارۆچکەیەوە بۆ سلێمانی گواستەوە.
شکار شۆڕش، بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیاکەمان بڕی 200 ملیۆن دیناری وەک مووچەی مانگێکی دوو ساڵ لەمەوبەری ژینگەپارێزەکان لەسەر تێچووی گیرفانی خۆی خەرجکرد، چونکە تاوەکو ئێستا پارەی پڕۆژەکە لەلایەن حکومەتەوە بۆ کۆمپانیاکەمان خەرج نەکراوە."
کۆمپانیای شکار تاوەکو دوو ساڵ لەمەوبەر لە سنووری 11 شارەوانیی چەمچەماڵ کاری پاککردنەوە و کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی دەکرد. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی دوو ملیار دیناری پڕۆژەکەیان لەلای حکومەتە و بەهۆی نەبوونی نەختینە لە بانکەکاندا، نەیانتوانیوە وەریگرنەوە.
سەرەتای مانگی ئاب، کۆمپانیاکە ویستی ژمارەیەک ئامێر و ئۆتۆمبێل کە لە چەمچەماڵ مابوونەوە بگوازێتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژینگەپارێزەکان پارەی مانگێکی کارکردنیان وەرنەگرتبوو، ڕێگرییان لە گەڕاندنەوەی ئامێرەکان کرد. دواتر لە رێگەی راپۆرتێکی رووداوەوە دەنگیان گەیێندرا و کێشەکەیان چارەسەر کرا.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار گوتیشی: "ئۆتۆمبێلی خۆمان فرۆشتووە بۆ ئەوەی قەرزداری کەس نەبین، چونکە ئامانجمان ئەنجامدانی کارێکی باش و پاکە. ئێستا هەقی هیچ کەسێکمان لەسەر نەماوە و هیوادارین حکومەتیش ئەو پارەیەی لایەتی پێمان بداتەوە، چونکە بۆ پەرەپێدانی کارەکانمان پێویستمان پێیەتی."



