رووداو دیجیتاڵ
بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک، پارێزگای دهۆک خۆی بۆ سازکردنی گەورەترین ئاهەنگی هاوژینی بەکۆمەڵ ئامادە دەکات؛ پڕۆژەیەک کە تێیدا 150 بووک و زاوا (300 کەس) بە پشتیوانیی دارایی و مەعنەویی سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندە مەنسوور بارزانی، تێچووی هاوژینییەکەیان بۆ دابین دەکرێ و دەچنە نێو ژیانی نوێوە.
یوسف سەبری، سەرپەرشتیاری ئاهەنگی بەکۆمەڵی بووک و زاواکان لە دهۆک، لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "لە 4ی ئایاری ئەم ساڵەوە دەستمان بە تۆمارکردنی ناوی خوازیاران کرد. متمانەی خەڵک بەم پڕۆژەیە ساڵ دوای ساڵ لە زیادبووندایە، بە جۆرێک بۆ ئەم ساڵ 878 گەنج داواکارییان پێشکەش کرد، بەڵام بەپێی ئەو پلانەی داماننابوو، تیروپشک بۆ 150 خێزان (300 کەس) کرا."
بەگوتەی سەرپەرشتیاری ئاهەنگەکە، لەنێو وەرگیراوەکاندا 37 کەس لە خێزانی شەهیدان هەن، کە وەک رێزێک بۆ خوێنی شەهیدان لە پێشینەی کارەکانیاندا بوون.
یەکێک لە خاڵە دیارەکانی ئەم پڕۆژەیە، بێلایەنی و رەچاوکردنی فرەچەشنیی پێکهاتەکانە. یوسف سەبری جەختی لەوە کردەوە کە هیچ جیاکارییەک لەنێوان نەتەوە و ئایینەکاندا نەکراوە و گوتی: "تیروپشکەکە بە شێوەیەکی زۆر شەفاف و بێلایەنانە ئەنجام دراوە. لەنێو وەرگیراوەکاندا 5 کوردی ئێزدی، 2 هاووڵاتیی کریستیان، هەروەها گەنجی عەرەب و کلدۆسریانی هەن. جگە لەوەش، گەنجانی سەر بە هەموو لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت کەسانی سەربەخۆش بەشدارن، چونکە مەرجی سەرەکی تەنیا نیشتەجێبوونە لە کوردستان."
هاوکارییە داراییەکان؛ 10 ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێک
سەبارەت بە لایەنی دارایی پڕۆژەکە، سەرپەرشتیاری ئاهەنگەکە ئاشکرای کرد کە هەر خێزانێک بڕی 10 ملیۆن دیناری پێدەدرێ، کە بەم شێوەیە دابەش کراوە:
1- بڕی 5 ملیۆن دینار وەک نەختینە کە لە 15ی تەممووزدا دابەش دەکرێ.
2- بڕی 5 ملیۆن دیناری دیکە کە لەلایەن فەرماندە مەنسوور بارزانییەوە بۆ هەر بووک و زاوایەک تەرخان کراوە.
جگە لەم هاوکارییە نەختینەییانە، تێچووی ئاهەنگی بەکۆمەڵ، دابینکردنی کەلوپەلی نێوماڵ بە داشکاندنی زۆر و هاوکاریی دیکەی پێداویستییەکانی هاوژینی بۆ بەشداربووان دابین دەکرێت.
ئاهەنگێکی جیاواز لە هاوینەهەواری ماڵتا
بڕیارە ئەمڕۆ 16ی ئاب، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، مەراسیمە گەورەکە لە هاوینەهەواری (ماڵتا) لە دهۆک بەڕێوە بچێت.
یوسف سەبری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ساڵ دیزاین و بەرنامەی ئاهەنگەکە زۆر جیاوازتر دەبێت و گوتی: "دیزاینەر و هونەرمەندی ناودارمان بۆ رێکخستنی ئاهەنگەکە بانگهێشت کردووە. کاژێر 3:00 بەرنامەیەکی تایبەت هەیە کە وەک شەوی خەنەبەندان وایە و دواتر بەرنامەکە بە وێنەیەکی بەکۆمەڵی 300 کەسی دەستپێدەکات، دواتر چالاکییەکی بە رێگەدا رۆیشتنی 100 مەتری بۆ بووک و زاواکان ئەنجام دەدرێ و بەبۆنەی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک، کۆتری سپی وەک هێمای ئاشتی هەڵدەدرێن."
پێشبینی دەکرێ 3000 بۆ 3500 میوان ئامادەی ئەو کەرنەڤاڵە گەورەیە بن کە کاژێر 7ی ئێوارە لەسەر سەکۆی سەرەکی ماڵتا دەستپێدەکات.
ئامانجە باڵاکان؛ خێزان وەک بنەمای کۆمەڵگە
یوسف سەبری رایگەیاند: "ئەمە 3 ساڵە بەردەوامە و پڕۆژەیەکی ستراتیژیی جەنابی سەرۆک و فەرماندە مەنسوور بارزانییە بۆ پاراستنی پیرۆزیی خێزان. ساڵی رابردوو 202 کەس بوون و ئەم ساڵ بۆ 300 کەس زیادیکردووە. ئامانجی ئێمە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە لە رێگەی پێکهێنانی خێزانەوە."
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە پێشبینی دەکات بۆ ساڵی داهاتوو، ژمارەی داواکارییەکان بگاتە هەزاران کەس، چونکە وەک خۆی دەڵێت "ئێستا گەنجان بە شانازییەوە بەشداری دەکەن و ئەو بەربەستە کۆمەڵایەتییانەی پێشتر هەبوون، شکاون."


.jpg&w=3840&q=75)