رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک ئامادەکارییەکانی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 چڕکردووەتەوە و رایدەگەیێنێت، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمیی کورسیی دانیشتن، چوار هەزار کورسی نوێ رەوانەی قوتابخانەکان دەکرێن. هەروەها ستراتیژێکی نوێ بۆ یەک دەوامی قوتابخانەکانی نێو سەنتەری شار جێبەجێ دەکرێت.
سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، پلانی وەزارەتی پەروەردەی بۆ ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو و رایگەیاند: "سەرەتای هەر ساڵێکی خوێندن بێ گرفت نابێت، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانیش کەمیی رەحلەیە، بۆیە 4000 رەحلەی نوێمان دابین کردووە و لەم رۆژانەدا دەگەنە قوتابخانەکان."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی گرنگ لە سەنتەری دهۆک کرد و گوتی: "خەریکی فراوانکردنی قوتابخانەکانین بە ئامانجی ئەوەی ژمارەی ئەو قوتابخانانەی دەبنە یەک دەوام زیاد بکەین." روونیشیکردەوە کە لە سەنتەری شار میلاکی مامۆستا زۆرە و دەتوانرێت بەم هەنگاوە جەنجاڵی ناو پۆلەکان کەم بکرێتەوە.
سەبارەت بە قوتابخانە کابینەکان، سەگڤان حەسەن رایگەیاند لە نێو شاری دهۆکدا ئەو دیاردەیە زۆر کەم بووەتەوە، بەڵام لە هەندێک ناوچەی دەرەوەی شار بەهۆی دۆخی ئاوارەکان و زۆریی دانیشتووان، هێشتا چەند قوتابخانەیەک لەناو کابینەدان و هەوڵی گۆڕینیان بۆ بینای کۆنکرێتی بەردەوامە.
لە دهۆک خێرخوازان رۆڵێکی بەرچاویان لە کەرتی پەروەردەدا هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد و رایگەیاند، لە ناوچەی (نزارکێ) کۆمەڵگەیەکی گەورەی فێرکردن لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستکراوە کە لەم رۆژانەدا پێداویستییەکانی بۆ دابین دەکرێت و بارگرانییەکی زۆر لەسەر کەرتی پەروەردە کەمدەکاتەوە.
سەبارەت بە خولەکانی هاوینە، سەگڤان حەسەن رایگەیاند کە دوو جۆر خول هەن؛ جۆری یەکەم لە قوتابخانە حکومییەکانە کە نرخی هەر بابەتێک 40 هەزار دینارە. جۆری دووەم پەیمانگا تایبەتەکانن کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە خراونەتە سەر میلاکی خوێندنی پیشەیی و فێرکردنی وەزارەتی پەروەردە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک جەختی کردەوە کە وەزارەت نرخی جێگیری بۆ پەیمانگا تایبەتەکان دانەناوە، بەڵام لیژنەکانیان بەردەوام چاودێرییان دەکەن. ئاماژەی بە مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتیش کرد و گوتی: "دەبێت داواکار دەرچووی کۆلێژ بێت و بینایەکی گونجاوی هەبێت کە هەموو مەرجە تەندروستی و ئەمنییەکانی تێدا بێت."
پەروەردەی دهۆک دڵنیایی دا کە هەموو تواناکانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ساڵی نوێی خوێندن بەبێ ئاستەنگی لۆجیستی دەستپێبکات.


