رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ و سبەی نمەباران لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێ. کەشناسێک پێشبینی دەکات، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بارانی زیاتر ببارێ.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ ئاسمان هەور دەبێت و ئەگەری نمەبارانی کورتخایەن لە زۆرینەی ناوچەکان هەیە، کاریگەریی لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت بەتایبەتی."
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی رایگەیاندووە: "لە بەیانیدا نمەبارانی کەم لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێ، دوای نیوەڕۆ کاریگەری لاواز دەبێت، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نەبێت کە بارانبارین بەردەوام دەبێت. ناجێگیریی کەش تاوەکو بەرەبەیانی چوارشەممە 14-10-2026 بەردەوام دەبێت".
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی نزمەپەستانی دەریای سوور لەسەر بیابانەکانی سعودیە، ئوردن، سووریا و عێراق، پێشبینی دەکرێ ناوبەناو لە زۆربەی رۆژەکان هەوری باراناوی بگاتە هەرێمی کوردستان و بارانی کەم ببارێ. هەروەها پێشبینی دەکرێ رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە شەپۆلێکدا بارانی زیاتر لەوەی ئێستا هەیە ببارێ".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما دادەبەزێ.
پلەی گەرما سبەی سێشەممە 13-10-2026 بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 26 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 26 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 29 پلەی سیلیزی
دهۆک: 26 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 26 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 35 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 27 پلەی سیلیزی
پیرمام: 25 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 17 پلەی سیلیزی



