رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران ئاگادارییەک ئاراستەی هاوبەشانی سنوورەکە دەکات و دەڵێ، دوای 18 ئەم مانگە دەست بە بڕینی کارەبای ئەو خێزانانە دەدرێ کە پارەی پڕۆژەی رووناکییان نەداوە. بەڕێوەبەری کارەبای سۆرانیش دەڵێ، لە سنوورەکەیان 80%ـی هاوبەشان پارەی کارەبا دەدەن.
رۆژی دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سۆران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 18-10-2026 دوایین مۆڵەت دەبێت بۆ لێخۆشبوونی 50%ـی قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی، لە دوای ئەو رێککەوتەوەش تیمەکانی پڕۆژەکە دەست دەکەن بە بڕین و کوژاندنەوەی کارەبای ئەو هاوبەشانەی زیاتر لە 50 رۆژە پارەی بەکارهێنانی کارەبای پڕۆژەی رووناکییان نەداوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هاوبەشانی ئاگادار کردووەتەوە کە لە کاتی کوژاندنەوەی کارەبا بەهۆی نەدانی پارە، تەنانەت لە دوای واسڵکردنیشی راستەوخۆ کارەباکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەپێی سیستمەکە پێویستی بە تێپەڕبوونی 24 کاژێرە تاوەکو بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەڵبگرێتەوە؛ بۆیە داوا لە هاوبەشان دەکەن بۆ ئەوەی تووشی بڕینی کارەبا نەبن، لە کاتی خۆیدا قەرزەکانیان پاکتاو بکەن.
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "80%ـی خەڵک پابەندن بە دانی پارەی پڕۆژەی رووناکی، بەڵام 20%ـیان پارەیان نەداوە."
سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 90 هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران گوتی:"دوای کۆتاییهاتنی داشکاندنی قەرزە کۆنەکانی کارەبا، ئەگەر لە کاتی پێگەیشتنی پسوولەوە تاوەکو 50 رۆژ پارە نەدرێ، کارەبای هاوبەشان دەبڕدرێ".
رۆژی 23ی ئەیلوولی 2026 حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاردرا دەرفەتێکی دیکە وەک دوایین دەرفەت بدرێتە هاوبەشانی کارەبا، بۆئەوەی سوودمەند بن لە داشکاندن لەسەر قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی بە رێژەی 50%، پرۆسەکەش لە 24ـی ئەیلوول تاوەکو 18ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و سیستمی پسووڵەی کۆن و کارەبای مۆلیدە کۆتایی پێ بهێنێت.




