رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی 28 ئەم مانگە دوازدەهەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە دەست پێبکات و چوار رۆژ بەردەوام بێت. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەش رایدەگەیێنێت، فێستیڤاڵی ئەم ساڵ "بێ پلاستیک" دەبێت و پێشبینی دەکەن ژمارەی سەردانیکاران لە 400 هەزار کەس تێپەڕێت.
رۆژی دووشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەسەرپەرشتیی پارێزگاری هەڵەبجە و بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ، تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، 12یەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بۆ ماوەی چوار رۆژ لە 28-10-2026 لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت."
لە دوو ساڵی رابردوودا فێستیڤاڵەکە لە رۆژانی 30 و 31ـی مانگی تشرینی یەکەم (10) کرا و سێ رۆژ بەردەوام ببوو.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، کە بەشێکی زۆری ئامادەکارییەکان کراون و گوتی: "ئەم ساڵ ماوەی فێستیڤاڵەکەمان کردووەتە چوا رۆژ بۆ کەمکردنەوەی قەڵەباڵخی؛ دەمانەوێت کوالێتییەکەی لە رووی کەپر و ئامادەکارییەکان و چالاکییە هونەرییەکان بەرز بکەینەوە، هەروەها ئەوەی زۆر بە وردی کارمان لەسەر کردووە ئەوەیە کە فێستیڤاڵەکە بێ پلاستیک بێت و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەو مەبەستە چڕکردووەتەوە."
سەبارەت بە پێشبینیی هاتنی گەشتیاران، ستار مەحموود روونیکردەوە: "پار زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار و سەردانیکار هاتن، بۆ ئەم ساڵیش ئامادەکارییەکان بۆ زیاتر لەو ژمارەیە کراون."
هاوکات لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە داڕشتنی پلانی هاتووچۆ بۆ رۆژانی فێستڤاڵەکە کراون بە ئامانجی رێکخستنی جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان و رێگری لە دروستبوونی لۆد و جەنجاڵی.
تەوەرە سەرەکییەکانی پلانی هاتووچۆی فێستیڤاڵەکە بەم شێوەیە دەبن:
رێکخستنی هاتووچۆی گەشتیاران و دیاریکردنی شەقامە کراوەکانی دەوروبەری شار بەرەو شوێنی فێستیڤاڵ، تاوەکو گەیشتن و گەڕانەوەی هاووڵاتییان بێ ئاستەنگ بێت.
تەرخانکردنی رووبەری تایبەت بۆ پارکینگی ئۆتۆمبێلە بچووکەکان و پاسی گەشتیاران.
یەک ئاراستەکردنی هەندێک لە شەقامە سەرەکی و لاوەکییەکان بۆ کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵخی.
ئامارەکانی فێستیڤاڵی ساڵی رابردوو:
سەردانیکاران: 419 هەزار و 700 کەس.
کۆی داهات و فرۆش: ملیارێک و 700 ملیۆن دینار.
فرۆشی خواردەمەنی: 800 ملیۆن دینار.
فرۆشی بەرهەمی کشتوکاڵی: 700 ملیۆن دینار.
فرۆشی کاری دەستی: 200 ملیۆن دینار.
کۆشکەکان: لە 550 کۆشکدا بەرهەمەکان نمایش کران (نیوەیان تایبەت بوون بە هەنار).
بەگوێرەی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ساڵی 2024 زیاتر لە 285 هەزار سەردانیکار و ساڵی 2023 زیاتر لە 270 هەزار سەردانیکار چووبوونە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە، کە نزیکەی 30 هەزار تۆنی لە پارێزگەی هەڵەبجەیە.


