رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 26 ساڵ لە ئەنجامنەدانی کۆنفرانسی سەندیکای ئەندازیارانی هەرێمی کوردستان لقی هەولێر، دواجار رۆژی 12 تشرینی یەکەم، بە بەشداریی 3044 ئەندازیار کۆنفرانسی سەندیکاکە لە هەولێر بەڕێوەچوو.
رۆژی چوارشەممە 12 تشرینی یەکەمی 2026، ئەندازیار، بۆتان تاهیر بە رووداوی راگەیاند: بە بەشداریی 3004 ئەندازیار، هەڵبژاردنی سەندیکای ئەندازیارانی هەرێمی کوردستان لقی هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا ئەندامانی دەستەی کارگێریی هەڵبژێردران.
بۆتان تاهیر گوتی، "بەهۆی چەند کێشەیەکەوە هەڵبژاردنی سەندیکای ئەندازیاران چەند ساڵێک دواکەوتبوو، بەڵام ئەم ساڵ هەڵبژاردنەکە بە سەرکەوتوویی کرا و زیاتر لە سێ هەزار ئەندام دەنگیان دا.
هەڵبژاردنەکە کاژێر 09:00 بەیانی رۆژی دووشەممە دەستیپێکرد و کاژێر 06:00 ئێوارە بەبێ درێژکردنەوەی وادەکەی کۆتاییهات، تێیدا 13 کەس خۆیان بۆ دەستەی کارگێری لقی هەولێری سەندیکای ئەندازیاران بەربژێر کرد و پێنج کەس وەک ئەندامی دەستەکە هەڵبژێردران.
بەگوێرەی داتاکانی سەندیکای ئەندازیارانی هەرێمی کوردستان لقی هەولێر، هەشت هەزار ئەندازیار لە پسپۆڕییە جیاوازەکان ئەندامی سەندیکاکەن و مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش 3004 کەس دەنگیان داوە.
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ئەندازیار (بۆتان تاهیر) بووە خاوەنی زۆرترین دەنگ و 1312 دەنگی بەدەستهێنا و دەنگەکانی دیکەش بەم شێوەیە بوون:
ئەندازیار شۆڕش عەلی محەممەد 1243 دەنگ
ئەندازیار بۆتان مستەفا ئەحمەد 1219 دەنگ
ئەندازیار توانا تەحسین تەها 1174 دەنگ
ئەندازیار بەیار موحسین قادر 993 دەنگ
دەستەی کارگێڕیی سەندیکای ئەندازیارانی هەرێمی کوردستان لقی هەولێر لە پێنج ئەندام پێکدێت، ئەندامێکیش وەک یەدەگ دەنگی لەسەر دەدرێت، هاوکات ئەندامانی دەستەکە لە نێو خۆیاندا بەرپرسی کارگێڕیی سەندیکاکە هەڵدەبژێرن.
سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان بە پێی یاسای ژمارە 15ی ساڵی 1999 لە کۆنگرەی یەکەمی کە لە ڕێکەوتی 27/4/2000 لە شاری هەولێر بەسترا، دامەزراوە.
سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان لەسەرجەم پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان لقی هەیە و ئەندامانی سەندیکا بریتین لە خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کۆلێژە ئەندازیارییە باوەڕپێکراوەکان.

