رووداو - رادیۆ دەستبەسەرداگرتنی 12 پارچە زەویی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی 11ی ئازاری قەزای ئاکرێ، کێشەی کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ دەیان هاونیشتمانی و نووسینگەیەکی خانووبەرە دروستکردووە. بیلال موسلم خەلیل، خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرەیە لە ئاکرێ، بۆ رادیۆی رووداو باسی لەوە کرد، کە "لە ساڵی 2024دا لەگەڵ چوار هاوڕێیدا 12 پارچە زەویی نیشتەجێبوونیان لە سێ کەس لە ئاکرێ کڕیوە، کە رووبەری هەر یەکەیان 250 مەتر دووجا بووە و وەک قەرەبووی زەوی کشتوکاڵی وەریانگرتبوو، بۆ هەر 12 پارچەکەش تاپۆ و تۆماری خاوەندارێتیی فەرمی هەیە." بیلال ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو زەوییانە دەستاودەستیان کردووە و لەدوای ئەوان چەندین کەس کڕیوونی و فرۆشتوونی، بەشێکیان کراون بە خانوو و زۆربەی پارچەکان کراونەتە دوو بەشی 125 مەتری. ئێستا 18 خاوەنی راستەقینە بۆ ئەو زەوییانە هەن و لەسەر شەش پارچەیان خانووی 125 مەتری بە مۆڵەتی فەرمی شارەوانی دروستکراون. بەڵام لە رێککەوتی 25-9-2025دا، شارەوانی بە بڕیاری دادگا دەستبەسەرداگرتن'حیجز'ی خستووەتە سەر زەوییەکان بەپاساوی ئەوەی بە لەکاتی ئیفرازکردندا هەڵەیەک روویداوە. بڵند زێباری، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ، رادیۆی رووداو هۆکاری کێشەکەی روونکردەوە و گوتی،"بنەڕەتی کێشەکە بۆ مامەڵەیەکی موڵکداری لە ساڵی 1998 دەگەڕێتەوە کە تێیدا کوژاندنەوە کرابوو، دواتر لە ساڵانی 2013-2014 زەوییەکە بەشێوەیەکی خام دراوەتە خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان لەبری قەربوو، واتا رووبەری گشتیی زەوییەکە هەژمارکراوە بەبێ هەژمارکردنی شەقام و شۆستە و خزمەتگوزارییەکان." بڵند زێباری روونیکردەوە: "دەبوو کاتێک زەوی خامیان پێدەدرێت، 80٪ی ئیفرازکراو بدەنە خاوەن زەوییەکە و دەستبەرداری جادەکان ببن، بەڵام شارەوانی بۆ جادەکە زەویی دیکەی وەک قەرەبوو داوەتە خاوەن زەوییەکان. پاشان دادگا و داواکاری گشتی رایانگەیاند کە ئەو بەناوکردن و تاپۆکردنە لە بنەڕەتدا هەڵە بووە و دەبوو خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکان خۆیا دەستبەرداربوون لە جادەکە بکات و مافی تێدا نەماوە". سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ باسی لەوەش کرد کە " پاش بڕیاری دادگا، لەسەر پێشنیازی وەزیری شارەوانیی تانە لە بەرژەوەندیی یاسا (طعن في مصلحة القانون) دراوە و هەر ئەوەش بڕیاری حجزەکەی دروستکردووە." دەربارەی چارەسەری کێشەکە، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ئاشکرای کرد: "ئێستا وەزیری شارەوانی لەسەر هێڵە و داوای راپۆرتێکی کردبوو، ئێمەش راپۆرتەکەمان لە رێگەی بەڕێوەبەری گشتییەوە بۆ بەڕێزیان ناردووە. چاوەڕیی وەڵامی وەزارەتین بۆ ئەوەی کێشەکە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت."
هەواڵە ناوخۆییەکان15-10-2026سەرۆکی شارەوانیی کەلار: قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران دەست پێ دەکات