رووداو دیجیتاڵ
دوو پێشمەرگە لە چیای قەرەچووخ بە هەورەبرووسکە بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە. تەندروستیی هەولێریش دەڵێ، تەندرووستییان جێگیرە و مەترسیی لەسەر ژیانیان نییە.
ئەمڕۆ هەینی 16ــی تشرینی یەکەمی 2026،سامان سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەرزاییەکانی چیای قەرەچووخ لە سنووری هەولێر هەورەبرووسکە لە دوو پێشمەرگەی دا و هەربۆیە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کران."
سەبارەت بە دۆخی تەندرووستیی پێشمەرگەکان، سامان سلێمان گوتی، "پشکنینیی پزیشکییان بۆ ئەنجام دراوە و دەرکەوتووە دۆخی تەندروستییان جێگیرە و هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە.'
بە گوتەی سامان سلێمان، "پێشبینیی دەکرێ هەردوو پێشمەرگەکە ئەمشەو بنێردرێنەوە ماڵەوە."
سامان سلێمان ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە پێشمەرگەکان لەنێو بارەگاکەی مۆبایلی خستبووە سەر شەحن و لەو کاتەدا هەورەبرووسکە لە شوێنەکەی داوە.


