رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەرزی شانۆیی لە هەولێر، ئەمڕۆ شەممە شانۆی (لەچک) لە دەرهێنانی مەولان حەمەدەمین لە هۆڵی سەفوەت جەڕاح لە هەولێر نمایش دەکرێ.
رۆژی شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەولان حەمەدەمین، دەرهێنەری شانۆییەکە بە رووداوی راگەیاند: "شانۆی (لەچک) دەقێکی ئاوێتەیە. ژمارەیەک دەق تێکەڵ کراون و کارێکی دراماتۆرگیی ناوازەی بۆ کراوە."
سەبارەت بە نێوەڕۆکی شانۆکە، مەولان حەمەدەمین گوتی: "هەموو شەڕەکان سەرەتا شەڕی ژنە. لە شانۆکەدا باس لە هەموو ئەو نەهامەتییانە دەکەین کە ژن دوای تەوابوونی جەنگەکان رووبەڕووی دەبێتەوە، هاوکات، باس لەو کۆت و بەندانە دەکەین کە ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەدا رووبەڕوویان دەبێتەوە."
دەرهێنەری شانۆکە روونی کردەوە، نمایشەکە باسی رۆڵی ژن لە جەنگدا دەکات کە هەمیشە دەبنە قوربانیی یەکەم. ئەو دەرهێنەرە گوتی: "وڵات سەردەکەوێ، بەڵام ئافرەت ماڵی چۆڵ و سارد دەبێت و وێران دەبێت. ژن لە جەنگ و کووشتارەکاندا ئاوارە و بێلانە دەبێت."
شانۆکە ئەمڕۆ شەممە 17ـی تشرینی یەکەم، لە هۆڵی سەفوەت جەڕاح لە هەولێر نمایش دەکرێ و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. بە گوتەی مەولان حەمەدەمین، ئەگەر بینەری شانۆکە زۆر بوو، ماوەی نمایشەکەی درێژدەکرێتەوە.
دەرهێنەری شانۆکە پەیامێکی ئاڕاستەی هاونیشتمانییان کرد و گوتی: "هیوادارین بێن و نمایشەکە ببینن تاوەکو هەوڵەکانمان لە بواری شانۆدا لە نزیکەوە هەڵبسەنگێنن".


