رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی (بێستانە-خەلەکان-دووکان) لە پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەڵێ، 42%ی کارەکانی تەواوبووە و 24 کاژێر کاری تێدا دەکرێ.
ئەمڕۆ شەممە 17ــی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە کۆمپانیای (گەردین گرووپ)ی جێبەجێکاری پڕۆژەکە بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەی دووسایدی (بێستانە-خەلەکان-دووکان) بەسەر سێ قۆناخدا دابەش بووە".
محەممەد ئەحمەد گوتی: "قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە 55 کیلۆمەترە کە لە دووکانەوە دەستپێدەکات بۆ چوارقوڕنە، 19 کیلۆمەتری لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە ئەنجام درا و 36 کیلۆمەتریشی لەلایەن کۆمپانیای (گەردین گرووپ)ەوە ئەنجام دراوە".
سەبارەت بە قۆناخی دووەم، محەممەد ئەحمەد روونیکردەوە، لە سنووری رێگەی جیابووەوەی سماقووڵییەوە دەستپێدەکات تاوەکو کانی وەتمان، درێژییەکەی 11 کیلۆمەتری دوو سایدە و پانی هەر سایدێکی هەشت مەتر و نیوە؛ هاوکات لە کاتی وەتمانەوە تاوەکو دەگاتە دووکان 25 کیلۆمەترە لە تایپی A6، واتە پانی هەر سایدێک 15 مەترە. ئێستاش 15 کیلۆمەتری یەک سایدی تەواوبووە.
بە گوێرەی کۆمپانیای (گەردین گرووپ)، کارەکانی بڕینی شاخی دووکان دەستیپێکردووە و لە هەمانکاتدا بڕین بۆ بەشێک لە ناوچەی قەڵات و قامیش دەکرێت.
پردێکی 380 مەتری درووست دەکرێت
بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە کۆمپانیای (گەردین گرووپ) دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ئاڕاستەی رێگاکە لە نزیک رانیە گۆڕانی بەسەردا هات، پردێکی گەورە لە سنووری گوندی فریزەڵە دروست دەکرێ کە 380 مەتر درێژە و بەرزییەکەشی 10 مەترە و هەر سایدێکی پردەکەش 15 مەتر پانە، ئێستا 24 کاژێر کاری تێدا دەکرێ.
سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە، محەممەد ئەحمەد گوتی: "بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمانە، دەبوو پڕۆژەکە لە 1000 رۆژ واتە مانگی پێنجی ساڵی 2028 تەواو بێت، بەڵام گۆڕانکاریی لە پانی رێگەکە و درووستکردنی پردی تازە کارەکانی قورس کردین".
بارانبارین پرۆژەکەی دواخستووە
کۆمپانیای گەردین گرووپ روونی کردەوە، بەهۆی زۆری بارانبارینەوە لە مانگی کانوونی یەکەمی پارەوە تاوەکو ئایاری ئەم ساڵ نەیانتوانیوە کار بکەن، هەربۆیە ئێستا 24 کاژێر کاردەکەن تاوەکو پێش بارانبارین و وەرزی زستان بەشێکی زۆر لە کارەکان تەواو بکەن.
بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دووسایدی (بێستانە - خەلەکان - دووکان) لە چەندین بڕگەی سەرەکیی پێکدێن، کە بریتین لە:
840,000 مەتر چوارگۆشە قیرتاوکردنی رێگاکە.
2,500,000 مەتر چوارگۆشە کاری بڕین.
300,000 مەتر چوارگۆشە پڕکردنەوە بە بەردی شکاو.
بەکارهێنانی 800,000 مەتر چوارگۆشە تێکەڵەڕێژ.
دروستکردنی 2000 مەتر ئاوبەر.
بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای (گەردین گرووپ) بەشی زۆری کارە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە تەواوبوون، بە نموونە:
-درووستکردنی حەوت ئەندەرپاس
-درووستکردنی کەتەڵپاس( شوێنی پەڕینەوەی مەڕ و ماڵات)
- دروستکردنی دوو هەزار مەتر ئاوبەر.

