رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ قیرتاوکردنی رێگەی تونێلی ماوەران تەواو دەبێت و هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە. رێگەی نێوان هەولێر-سۆران 20 خولەک نزیکتر دەبێتەوە.
ئەمڕۆ بەرواری 17تشرینی یەکەمی 2026، سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای شەقڵاوە بە رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێوە بە شێوازێکی چڕ کار لەسەر قیڕتاوکردنی رێگەی تونێلی ماوەران دەکرێت و ئەمڕۆ تەواودەبێت و هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە."
قایمقامی شەقڵاوە گوتی، "بە چڕی کارەکان دەکرێن بۆ ئەوەی زوو تەواو بێت و پێش وەرزی بارانبارین جادەکە بخرێتەوە خزمەت هاونیشتمانییان، چونکە تاوەکو ئێستا هاونیشتمانییان پشت بە رێگەی لاوەکی دەبەستن."
مانگی یەکی ساڵی 2025 دەست بە کارکردن لە تونێلی ماوەران کرا، درێژیی هەردوو سایدەکە 10 کیلۆمەترە، بڕیارە هەر ئەم ساڵ سیستمی رووناککەرەوەی تەواو ببێت.
بودجەی تونێلی ماوەران، 95 ملیار دینارە، ئەو تونێلە رێگەی هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبەستێتەوە و 20 خولەک رێگەکە کورتتر دەکاتەوە، جگە لەوەش جەنجاڵی لەنێو شاری شەقڵاوە کەم دەکاتەوە.

