رووداو دیجیتاڵ
شیرین یاسین، ئەو کچەی ماوەیەک لەمەوپێش دوای ونبوونی دۆزرایەوە، دیسان ونبووەتەوە، براکەی دەڵێ :" نزیکەی 400 کەس لە خەڵکی گوند و ناوچەکە بەدوایدا دەگەڕێن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە."
شیرین لە گوندی دانیشتووی گوندی کانی هەنجیرۆکی سەر بە ناحیەی دینارتەیە لە قەزای ئاکرێ، دیار نییە بەرەو کوێ رۆیشتووە، بەڵام دووەم جارە لە ماوەی کەمتر لە مانگێک ون دەبێ، تەمەنی 24 ساڵە و کەسوکارەکەی داوای هاوکاری دەکەن بۆ دۆزینەوەی.
مزگین یاسین، برای شیرین، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-10-2026 لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات رایگەیاند :"شیرین، ئەمرۆ کاژێر 11:30ـی بەیانی لە ماڵ دەرچووە و دوای نزیکەی 20 خولەک مۆبایلەکەی کوژاوەتەوە و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نییە."
ئەمە دووەمجارە شرین یاسین ون دەبێت، مزگین یاسین دەڵێت:" خوشکەکەم "کەمێک کێشەی قسەکردن و بیستنی هەیە،بەڵام "کەسێکی هۆشیارە و دەتوانێت بخوێنێت و بنووسێ، جاری پێشوو دوای چەند رۆژێک لە گەڕان، لە شوێنێکی دوور لە گوندەکە دۆزرایەوە."
دوای ونبوونی یەکەمی، شیرین براوەتە لای پزیشکی دەروونی. براکەی دەڵێت: "پزیشک پێی گوتین با ماوەیەک دەرمانی دەروونی بەکاربێنێ و دوای ئەوە باری تەندروستیی زۆر باش بوو."
گەڕان بۆ دۆزینەوەی شیرین بەردەوامە، مزگین یاسین ئاماژەی بەوە کرد: "نزیکەی 300 بۆ 400 کەس لە خەڵکی گوندەکەمان و 15 بۆ 20 گوندی دەوروبەر بەدوایدا دەگەڕێن.
موختاری گوندی کانی هەنجیرۆک لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردووەتەوە و داوای هاوکاری کردووە بۆ دۆزینەوە، بە گوتەی براکەی، دوایین جار شیرین بینراوە "قەمسەڵەیەکی مارۆنی و لەچکێکی رەشی لەبەردا بووە."
کەسوکاری شیرین داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن، هەر کەسێک زانیارییەکی لەبارەی شیرینەوە هەیە یان لە هەر شوێنێک بینیویەتی، پەیوەندییان پێوە بکات و ئاگاداریان بکاتەوە.


