رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوون 75% لە سزای دارایی بەسەرچوونی ڤیزا و نشینگەی هاووڵاتییانی بیانی و راگەیاند، دەرفەتی سوودمەندبوونیش تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی فەرمانی ژمارە 32557 کە لە رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە، بڕیاردراوە بە داشکاندنی 75% لە سزای بەسەرچوونی ڤیزا و بەسەرچوونی مۆڵەتی نشینگەی هاووڵاتییانی بیانی لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، بڕیارەکە ئەو بیانییانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی فەرمی و لە رێی ڤیزاوە هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هەر هۆکارێک بووبێت نەیانتوانیوە ڤیزاکانیان درێژبکەنەوە، یان نەیانکردووەتە نشینگە، یاخود نشینگەکەیان بەسەرچووە.
سەبارەت بە شێوازی سوودمەندبوون و وادەی دیاریکراو، وەزارەتی ناوخۆ راگەیاندووە: ئەو بیانییانە تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 دەتوانن سەردانی یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن و لەکاتی مامەڵەکردندا تەنیا 25%ـی کۆی گشتیی سزاکانی دواکەوتنیان لێوەردەگیرێت، کە پێشتر لە رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2021 دیاریکرابوون.




