رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، حکومەتی فیدراڵی عێراق چەندین ساڵە هاوکاریی ئاوارەکانی نێو هەرێمی کوردستان ناکات و کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە نەوتەیان بۆ دەنێرێت کە پێویستیانە.
رۆژی یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (JCC) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەندین نووسراومان بۆ حکومەتی فیدراڵ کردووە تاوەکو یارمەتیمان بدەن بۆ ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان دەژین، بەڵام چەندین ساڵە بە هیچ شێوەیەک یارمەتییان نەداوین و هیچ جۆرە هاوکارییەکی ئاوارەکان ناکەن."
سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وەرزی سەرما، سروە رەسوڵ دەڵێ: "ساڵانە نووسراو بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق دەکەین تاوەکو نەوت بۆ ئاوارەکانی نێو کەمپەکان دابین بکەن، ئەم ساڵیش نووسراومان بۆ کردوون؛ پار بۆیان ناردین، بەڵام زۆر درەنگ ناردیان و زۆر کەمیشیان نارد".
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان گوتی: "ئێمە بۆ هەر خێزانێکی ئاوارە ساڵانە پێویستمان بە دوو بەرمیل نەوتە (واتا 400 لیتر)، کەچی عێراق تەنیا 100 یاخود 200 لیتر بۆ هەر خێزانێک دەنێرێت کە ئەمەش زۆر کەمە."
لە هەرێمی کوردستاندا 569 هەزار و 310 ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق نیشتەجێن، کە لە 114 هەزار و 690 خێزان پێکدێن. ئەگەر هەر خێزانێک پێویستی بە دوو بەرمیل نەوت (400 لیتر) بێت لە ساڵێکدا، ئەوا کۆی گشتیی نەوتی پێویست بۆ سەرجەم خێزانەکان دەکاتە: 229 هەزار و 380 بەرمیل (45 ملیۆن و 876 هەزار لیتر نەوت).
ئەگەر بەغدا تەنیا 100 لیتر (نیو بەرمیل) بۆ هەر خێزانێک دەنێرێت، کۆی گشتیی دەکاتە 57 هەزار و 345 بەرمیل (11 ملیۆن و 469 هەزار لیتر)، واتا تەنیا 25%ـی پێداویستییەکە دابین دەکات و 75%ـی کورتهێنان دەبێت.
لە کاتی ناردنی 200 لیتر (1 بەرمیل) بۆ هەر خێزانێک، بڕەکە دەکاتە 114 هەزار و 690 بەرمیل (22 ملیۆن و 938 هەزار لیتر)، واتا بەغدا تەنیا 50%ـی بڕی پێویست دابین دەکات.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پارێزگای دهۆک زۆرترین ژمارەی ئاوارەی لەخۆگرتووە کە 286,313 ئاوارەن (50%ـی کۆی ئاوارەکان)، دوای ئەو پارێزگای هەولێر دێت بە 187,427 ئاوارە (33%ـی کۆی ئاوارەکان). لە پارێزگای سلێمانیش 95,570 ئاوارە (17%ـی کۆی ئاوارەکان) نیشتەجێن.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێکی ئاوارە نییە و سەرجەم ئاوارەکانی ئەو پارێزگایە لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
بەپێی راپۆرتی JCCC حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران، ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلارە. تێچووی خزمەتگوزارییەکان بە رۆژانە زیاتر لە 2.3 ملیۆن دۆلار و بە مانگانەش نزیکەی 71 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.




