رووداو دیجیتاڵ
نرخی هێلکە لە کێڵگەکان دابەزیوە، بەڵام لە بازاڕەکاندا نرخی تەبەقێک گەیشتووەتە نزیکەی حەوت هەزار دینار. وەزارەتی بازرگانی و بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵیش دەڵێن، هەندێک شوێن قۆڕخکاری دەکەن.
لەکاتێکدا بەهۆی لابردنی گومرگ لەسەر هاوردەکردنی مریشک و هێلکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پێش بڕیارەکەی حکومەت نرخەکە دابەزیوە، بەڵام ئەمڕۆ لە مارکێتەکاندا تەبەقێک هێلکە لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار و 500 دینارە.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارتۆنێک هێلکە پێش بڕیارەکەی حکومەتی عێراق گەیشتە زیاتر لە 75 هەزار دینار، کە 12 تەبەقی تێدایە و تەبەقی بە کۆ شەش هەزار و 750 دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ کارتۆنێک بە 57 هەزار دینارە بە کۆ، کە تەبەقی دەبێتە چوار هەزار و 750 دینار".
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی نرخی کۆ، ئەمڕۆ دەبێت لە مارکێتەکان تەبەقێک هێلکە پێنج هەزار و 250 دینار زیاتر نەبێت. لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ لە مارکێتەکاندا گوتی: "هەندێک شوێن دۆخەکە وەک دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ زیادکردنی نرخ، هەندێک کاتیش خواست لەلایەن خەڵکەوە بە ناپێویست زیاد دەبێت و دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەم بۆ ماوەیەکی کورت نرخ بەرز دەبێتەوە، هەندێک مارکێتیش هێلکەی کۆنیان ماوە کە بە نرخی بەرز کڕیویانە و بەو نرخە دەیفرۆشنەوە".
وەزارەتی بازرگانی: دۆخی دینار کاریگەریی هەبووە
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 19-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخ بە فەرمی و بە کۆ زۆر بەرزنەبووەتەوە، ئەگەر کەمێکیش بەرزبووبێتەوە هۆکار بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە".
بەرهەمهێنانی هێلکە لە کێڵگەکان و پێداویستیی بەخێوکردنی مریشکی هێلکەکەر بە دۆلارە، ئەوەش بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە دادەنرێ.
فیراس سدیق گوتی: "تەنیا دوو شت کە بەردەوام نرخیان بەگوێرەی رۆژ بگۆڕدرێ هێلکە و شیرە، چونکە مریشک راستەوخۆ ئەو خواردنەی ئەو رۆژە دەیخوات هێلکەی پێ بەرهەم دەهێنێت، وەک چۆن ئاژەڵی شیردەریش بە هەمان شێوەیە، نرخی رۆژ کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخەکانیان دەبێت".
هێلکە لە هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 22 هەزار کارتۆنە، کە کارتۆنێک 12 تەبەق و 360 هێلکەی تێدایە، بەگشتی رۆژانە حەوت ملیۆن و 920 هەزار هێلکە بەرهەم دەهێندرێن و ساڵانە دەگاتە دوو ملیار و 890 ملیۆن و 800 هەزار هێلکە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی پێداویستیی نێوخۆ بۆ هێلکە گوتی: "رۆژانە پێویستمان بە حەوت هەزار کارتۆن هێلکەیە، کە دەکاتە دوو ملیۆن و 520 هەزار هێلکە و ساڵانە 919 ملیۆن و 800 هەزار هێلکەمان پێویستە".
بەگوێرەی ئامارەکە، ساڵانە ملیارێک و 880 ملیۆن و 200 هەزار و 800 هێلکەی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.



