رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا کۆبوونەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان، هاوکاریی ئەمنی و سەربازی و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆناسان پاوڵ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا و شاندێکی باڵای یاوەری کرد، هەروەها عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی و سەربازیدا تاوتوێ کراون، هاوکات جەخت لەسەر هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە کراوەتەوە.
تەوەرێکی دەیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و خێراکردنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
هەروەها دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە بەگشتی و هەوڵی دیپلۆماسی بۆ هێورکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.


