رووداو دیجیتاڵ نزیکەی دوو مانگە پرۆسەی پێدانی کارتی سووتەمەنی (گازی ماڵان و بەنزینی 750 دیناری) لە هەولێر بۆ ئەو کەسانەی فۆرمی خۆراکیان سەر بە ناوچەکانی ماددەی 140 و کەرکووکە راگیراوە؛ جێگری پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێداچوونەوە بە سیستمەکەدا دەکات. ژمارەیەک لەو هاونیشتمانییانەی لە سنووری ماددەی 140ـەوە هاتوون و لە هەولێر نیشتەجێن، دەڵێن بەهۆی راگرتنی ئەو کارتەوە بێبەش بوون لە بەنزینی پاڵپشتیکراو و گازی ماڵان. ئاکام نەجمەدین، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "سەرەڕای تەواوکردنی رێکارەکان، وەرگرتنی پشتگیریی موختار و رەزامەندیی ئاسایش، لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان پێیانگوتین لە 1ی ئەیلوولەوە دەرهێنانی کارتەکە بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە و وادەی دەستپێکردنەوەشی نادیارە." لەبارەی هۆکاری راگرتنی پرۆسەکە، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان دراوە، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە میکانیزمی دابەشکردن و کۆنتڕۆڵکردنی بڕی بەنزین و سووتەمەنی. جێگری پارێزگاری هەولێر روونیشیکردەوە، سەرەڕای سوودەکانی کارتەکە بۆ رێکخستنی پرۆسەکە، بەڵام جیاوازی لە جێبەجێکردنیدا هەیە؛ "لە هەندێک ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش کار بەو کارتە ناکرێت وەک ئەوەی لە سەنتەری هەولێردا هەیە." هێمن قادر جەختی لەوەش کردەوە کە وەک ئیدارەی پارێزگا بەدواداچوونی ورد بۆ پرسەکە دەکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا کارئاسانیی پێویست بۆ ئەو هاونیشتمانییانە بکرێت.
هەواڵە ناوخۆییەکان19-10-2026لە بەشێکی هەولێر پارەی موەلیدە لە هاوبەشانی کارەبا وەردەگیرێتەوە؛ 'کاتی کارکردنیان تەواو بووە'