رووداو دیجیتاڵ ژمارەیەک کرێکار لە هەولێر گلەیی لەوە دەکەن کە لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە رێگەیان پێ نادرێت کارتۆن کۆبکەنەوە؛ بەڕێوەبەری ژینگەپارێزیی هەولێریش رایدەگەیێنێت، لەبەر سەلامەتی و دروستنەبوونی ئاستەنگ لە بەردەم ئامێرەکان، قەدەخەیان کردووە. بەپێی بەدواداچوونی رووداو، پێشتر رۆژانە نزیکەی 200 بۆ 300 کرێکار لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە كاریان دەکرد. یەکێک لە کرێکارەکان بە رادیۆی رووداوی گوت: "هەر کرێکارێک رۆژانە نێوان 200 بۆ 300 کیلۆگرام کارتۆنی کۆدەکردەوە و لە بازاڕدا بەپێی خاوێنییەکەی کیلۆی بە 150 بۆ 200 دینار دەمانفرۆشتەوە، بەڵام ئێستا کارکردنیان لێ قەدەخە کردووین." ئەو کرێکارە ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ کرێکارانی عەرەب بەبێ هیچ کێشەیەک ئەو کارەیان کردووە، بەڵام ئێستا رێگرییان لێ دەکرێت. دیار سەفین، بەرپرسی ژینگەپارێزیی هەولێر هۆکاری بڕیارەکەی روونکردەوە و بە رادیۆی رووداوی گوت: "کۆمەڵێک کرێکار و ئاوارە لە شوێنی فڕێدانی زبڵەکە ببوونە رێگر لە بەردەم کارکردنی شۆفڵ و بوڵدۆزەرەکان، هاوکات کێشە و شەڕ لە نێوان خۆیاندا دروست دەبوو کە مەترسیی لەسەر ژیانیان هەبوو." بەرپرسی ژینگەپارێزیی هەولێر باسی لە دیاردەیەکی دیکەش کرد و گوتی: "هەندێک کەس جۆرێک لە بازرگانییان بەو زبڵەوە دەکرد، رۆژانە خەڵکیان دەهێنا و وەک کرێکار کاریان پێدەکردن و سەرانەیان لێ دەستاندن؛ بۆیە بۆ رێگری لە هەر رووداو و ئاڵۆزییەک، کارەکەیان بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە." بە گوتەی دیار سەفین لە دۆخی ئاساییدا، رۆژانە 1,500 بۆ 1,600 تۆن زبڵ و خاشاک لەو زبڵخانەیەدا کۆدەکرێتەوە و بە شێوازێکی ژینگەیی ژێرخاک دەخرێن.
هەواڵە ناوخۆییەکان19-10-2026لە بەشێکی هەولێر پارەی موەلیدە لە هاوبەشانی کارەبا وەردەگیرێتەوە؛ 'کاتی کارکردنیان تەواو بووە'