رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شوقەکانی "هانا سیتی" لە شاری هەولێر، نیگەرانیی خۆی لە وەرگرتنی نرخی کارەبای موەلیدە دەردەبڕێت و دەڵێت، سەرەڕای باشبوونی کارەبای نیشتمانی لە مانگی رابردوودا، خاوەن موەلیدەکە 10 هەزار دیناری بۆ هەر ئەمپێرێک وەرگرتووە. ئەنجوومەنی موەلیدەکانیش دەڵێت، پارەکە لەسەر بنەمای کاژێرەکانی کارکردن دیاریکراوە.
مامۆستا موزەفەر عەبدولعەزیز، دانیشتووی شوقەکانی هانا سیتی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "مانگی رابردوو دۆخی کارەبای نیشتمانی زۆر باشتر بوو و موەلیدە کەمترین کات کاری کردووە، کەچی بۆ هەر ئەمپێرێک بڕی 10 هەزار دینارمان لێ وەرگیراوە کە دەکاتە 60 هەزار دینار بۆ شەش ئەمپێر."
لە بەرامبەر ئەم گلەییەدا، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "وەرگرتنی پارەی کارەبا بەپێی رۆژ نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تەواوبوونی باڵانس و کۆی کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدەکەوە هەیە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکان روونیکردەوە کە ئەو بڕە پارەیەی وەرگیراوە (10 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک)، بەرامبەر بە 165 کاژێر کارکردنی موەلیدەکە بووە لەو ماوەیەدا و کاتێکیش ئەو کاژێرانە تەواو دەبن، پارەکە لە هاوبەشان وەردەگیرێت.
خۆران خۆرانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا خشتەیەکی نوێ و روون بۆ کارکردنی موەلیدەکان لە سەنتەر و دەوروبەری هەولێر هەیە تا دادپەروەری هەبێت، جەختیشی کردەوە کە ئەوان پاڵپشتی لە بڕیار و خشتەکانی وەزارەتی کارەبا دەکەن تاوەکو ئەو کاتەی هاونیشتمانییان پێویستیان بە موەلیدە ئەهلییەکان بێت.


