رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی دەربەندیخان - زەڕایەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و دوای قیرکردن، دوو کیلۆمەتری بەڕووی شۆفێراندا کراوەتەوە.
ئامانج کەساس، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن لە دووسایدی دەربەندیخان بۆ زەڕایەن بەردەوامە کە هەر سایدێکی 15 کیلۆمەتر و نیوە".
قایمقامی دەربەندیخان گوتی، دوێنێ دوو کیلۆمەتری رێگەکە دوای قیرکردن خراوەتە خزمەتی شۆفێرانەوە. گوتیشی: "کاری بڕین، کۆنکرێتی ژێر قیر، پرد و راگرەکان بەردەوامە و هەر بەشێکی تەواو بکرێت بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت راستەوخۆ بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە".
لەبارەی کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکەوە ئامانج کەساس گوتی: "کۆمپانیای جێبەجێکار ئامێری پێویست و ئەزموونی زۆریان هەیە و ئەگەر حکومەت لە کاتی خۆیدا پارەیان بۆ خەرج بکات، ساڵی داهاتوو رێگەکە بە تەواوی کۆتایی دێت".
پڕۆژەکە پێکهاتووە لە رێگایەک بە درێژی 15 کیلۆمەتر و نیو بۆ یەک سایدیان، تێچووەکەی زیاتر لە 185 ملیار دینارە.
17ـی نیسانی 2025 بە نووسراوی ژمارە 4459 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دووسایدکردنی رێگەکە دا، بەڵام ماوەیەک کاری تێدا کرا و دواتر راگیرا، پاشان دەستیپێکردەوە.
رێگەی نێوان دەربەندیخان و ناحیەی زەڕایەن، جگە لە دانیشتووانی هەردوو سنوورەکە، رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی دانیشتووانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیشە بۆ سلێمانی و دەوروبەری.


