رووداو - رادیۆ
ژمارەیەک وەستا و کرێکاری خەڵکی قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک، دەڵێن سێ مانگ لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە بەغدا کاری گەچکارییان کردووە، بەڵام حەقدەستەکەیان کە 12 ملیۆن و 500 هەزار دینارە پێنەدراوە. بەڕێوەبەری پڕۆژەکەش هۆکارەکەی بۆ تەواونەکردنی کارەکە دەگەڕێنێتەوە.
عەگید رەمەزان حوسێن، وەستای گەچکاری و دانیشتووی سێمێل بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "من لەگەڵ 10 کرێکاری دیکە کە برا و خزممن، ماوەی سێ مانگە لە پڕۆژەی (فورقان سیتی) لە بەغدا کارمان کردووە، 12 ملیۆن و 500 هەزار دینار حەقدەستمان لەلای بەڵێندەرێکی لاوەکییە (بە ناوی ئادەم، کە خەڵکی باکووری کوردستانە)، بەڵام پێمان نادەن."
عەگید ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی نەبوونی پارەوە نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە و کەوتووەتە ژێر باری قەرز و بەرپرسیارێتیی ئەو کرێکارانەی لەگەڵیدا کار دەکەن.
ئەندازیار ئەحمەد داغستانی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی "فورقان سیتی" لە بەغدا بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە گرێبەستمان تەنیا لەگەڵ بەڵێندەرە لاوەکییەکەدا هەیە، هۆکاری خەرجنەکردنی پارەکەش ئەوەیە کارەکە بە تەواوەتی رادەست نەکراوە و تێبینیی ئەندازیاری لەسەر بەشێک لە سپیکارییەکان هەیە؛ تەنانەت بەهۆی دواکەوتنی کارەکەوە سزای دارایی بەسەر کۆمپانیاکەماندا سەپێنراوە."
داغستانی روونیشیکردەوە، هەر کاتێک کارەکە بەگوێرەی مەرجەکان کۆتایی پێ بێت و رادەست بکرێت، تەواوی شایستە داراییەکان خەرج دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا کارەکە بە ناتەواوی جێهێڵدراوە.
هەروەها ئادەم نازم، بەڵێندەری لاوەکی لە پڕۆژەی فورقان سیتی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیاکە شایستە داراییەکانی بۆ منیش خەرج نەکردووە؛ نزیکەی 58 هەزار دۆلارم لای ئەوانە. هەندێک تێبینی لەسەر کارەکە هەبوو، لە هەوڵی ئەوەداین چارەسەریان بکەین تاوەکو دوای ئەوە پارەکە خەرج بکرێت و حەقدەستی کرێکارەکانیش بدەم."


