رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە ستوونێکدا کێشا و لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و براکەیشی بریندار بوو.
رۆژی سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیک کاژێر 07:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ دوو برا لە رووداوێکی هاتووچۆدا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوون. یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکەش برینەکەی سەختە."
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ باسی لەوە کرد: "ئەوەی گیانی لەدەستداوە برا گەورەکەیە کە لەدایکبووی ساڵی 2000ـە. برا بچووکەکەش کە لەدایکبووی ساڵی 2013ـیە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە."
شەریف رەحیم ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە بۆ دادپزیشکی گوێزراوەتەوە و دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.



