رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵمەتێکی شارەوانیی دهۆکدا بۆ لابردنی چەند خانوویەکی زێدەڕۆ لە گوندی ئەڤریکێ، گرژی دروستبوو. پێشمەرگەیەک دوای ئەوەی خانووەکەی رووخێندرا، تەقەی بە ئاسماندا کرد و بە گوتەی قایمقامی دهۆک، 7 کەسیش بەهۆی زێدەڕۆییەوە دەدرێنە دادگە.
بێکەس عەبدولخالق، خاڵی ئەو پێشمەرگەیەیە کە تەقەی کردووە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "خاڵم پێشمەرگەیە و لە دەوامدا بوو، کاتێک هاتن خانووەکەیان رووخاند کە سێ مانگ بوو خەریکی دروستکردنی بوو. کاتێک گەڕایەوە و دیمەنەکەی بینی، لەبەر بێتاقەتی و لە شوێنێکی بەرز، چەند فیشەکێکی بە ئاسماندا تەقاند و دواتر خۆی رادەست کرد."
بێکەس عەبدولخالق دەڵێت، ئەگەر خانووەکەی خاڵی زێدەڕۆ بووە، "دەبوو زووتر پێیان بگوتبایە، نەوەک دوای ئەوەی هەموو خەرجییەکی کرد و خانووەکەی تەواو کرد، ئینجا بێن و تێکی بدەن."
بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ بەپێی نووسراوی شارەوانی، 4 بناخە و دیواری زێدەڕۆ لە گوندی ئەڤریکێ تێکدران. ئەمە یەکەمجار نییە زێدەڕۆیی لەو شوێنە دەکرێ و پێش 10 رۆژیش 4 کەسی دیکە درابوونە دادگە."
قایمقامی دهۆک جەختی لەوە کردەوە کە ئەو زەوییانە موڵکی گشتین و بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەک پارک، نەخۆشخانە و قوتابخانە تەرخانکراون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بڕیارێک لەلایەن حکومەتەوە دەربچێت، دەبێت جێبەجێ بکرێ.
جەمبەلی ئەحمەد، مامۆستایەکی دانیشتووی گوندەکەیە و لە بەرنامەی (بەرپرسیار)دا گوتی، "ئەگەر هەژار و کەمدەرامەت نەبین، لە ئەڤریکێ ناژین. قوتابخانەکەمان 1700 قوتابی هەیە و لەنێو کابینەدا سێ دەوام دەکرێ. رێگەوبانمان خراپە و خزمەتگوزاریی سەرەتاییمان نییە. بۆچی بەرپرسان رۆژێک نایەن لە حاڵمان بپرسن؟"
بێکەس عەبدولخالقیش ئاماژەی بەوە کرد کە 5 ساڵە حکومەت بەڵێنی داڕشتنی نەخشەی بنەڕەتی بۆ گوندەکەیان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێی نەکردووە؛ گوتیشی، "خەڵک ناچارە زەوییەک بە 40 وەرەقە بکڕێ یان زێڕی هاوژینەکەی بفرۆشێت بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی ماڵی خۆی."
شێروان حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک، بە رووداوی گوت، هەڵمەتەکە 6 خانووی زێدەڕۆی گرتووەتەوە و 5یان لادراون و هەموو جۆرێکی زێدەڕۆیی کە دوای ساڵی 2018 کرابێت، لادەبرێ. کاوە مستەفا، موختاری گوندی ئەڤریکێش بۆ رووداو دانی بەوەدا نا کە زێدەڕۆیی کراوە.


