رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر جووتسایدی فەرمانبەران لە شاری هەولێر، دوو ئۆتۆمبێل گڕیان گرت و بە تەواوی سووتان و دوو کەسیش بریندار بوون. بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر دەڵێ:"یەکیان 32٪ـی جەستەی سووتاوە ئەوەی دیکەش 44٪".
رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لە جۆری پێکدادان لەسەر جووتسایدی گەڕەکی فەرمانبەران لە هەولێر روویدا؛ ئۆتۆمبێلێک بەنزینی بۆ فرۆشتن بار کردبوو، بەڵام ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە دواوە خۆی پێدا کێشا، بەو هۆیەوە گڕی گرت و سووتەمەنییەکە و هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی سووتان."
رووداوەکە نزیک کاژێر 09:00ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بوو. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێ، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دەستبەجێ دوو تیمی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
شاخەوان سەعید گوتیشی:"تاوەکو تیمەکان گەیشتبوون بریندارەکان گواسترابوونەوە نەخۆشخانە".
سامان سەلمان، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لەبارەی بریندارەکان بە رووداوی گوت:"دوو کەس ئەمڕۆ بەیانی گەیێندرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر، کە هەردووکیان تەمەنیان 25 ساڵە، یەکێکیان 32٪ـی جەستەی ئەوەی دیکەشیان 44٪ـی سووتاوە".
سەبارەت بە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هۆکارەکانی گواستنەوە، شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەهۆکاری جیاواز زیاتر لە 110 ئۆتۆمبێل گڕیان گرتووە و سووتاون.



.jpg&w=3840&q=75)