رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی دووەم تۆمەتباری پەیوەندیدار بە دەستڕێژیکردن لە ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین رادەگەیێنێت. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ، تەقەکەرەکان راوچی بوون.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر تۆمەتباری سەرەکیی دەستڕێژیکردنەکە دەستگیرکرا، لە دانپێدانانەکانیدا ناوی کەسێکی دیکەی ئاشکرا کرد کە لە دابینکردنی شوێنی مانەوە و هاتووچۆپێکردندا هاوکاری کردووە. ئەمڕۆ تیمەکانمان توانییان ئەو کەسەش دەستگیربکەن."
لەبارەی ناسنامەی تۆمەتبارەکان و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێ: "تۆمەتباری سەرەکی لەدایکبووی ساڵی 2001ـە و هەردوو تۆمەتبارەکەش راوچین. هۆکاری دەستپێکی کێشەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەقیب هاوڕێ، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی خانەقین لە جێبەجێکردنی یاسادا رژدە و پێشتر رێگری لە راوکردنی ئەو دوو کەسە کردووە و سزادراون. ئەوانیش ئەو رقەیان لە دڵدا هەڵگرتووە و دەستڕێژی گوللەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی کردووە."
عەقید سۆران باسی لەوەش کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ هەردوو تۆمەتبار کراوەتەوە و تۆمەتباری سەرەکی بەپێی مادەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
رووداوی دەستڕێژیکردنەکە لە بەرەبەیانی 12-10-2026 لە گەڕەکی شارەوانیی دوو لە قەزای کەلار لەبەردەم ماڵی نەقیب هاوڕێ روویدا.
ئەوکات بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بڵاویکردەوە، نەقیب هاوڕێ جەلیل قادر، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی خانەقین کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان دوای گەڕانەوەی لە دەرچوونێک بەدوای راوی نایاساییدا، لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە کە بە ماتۆڕسکیل بوون تەقە لە ئۆتۆمبێلە پیکابە حکومییەکەی کراوە و نزیکەی 30 گوللەی پێوە نراوە.
لە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی ئاسایشی گەرمیان و بە فەرمانی دادوەر، تۆمەتباری سەرەکیی تەقەکردنەکە لەلایەن بەشی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیرکراوە.
نەقیب هاوڕێ جەلیل دوو ساڵە بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقینە لە ئیدارەی گەرمیان، پاراستنی ژینگە و سرووشتی دەشتی گەرمیان لە ئەستۆی ئەو بەشەیە کە بە یەکێک لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی کوردستان بە بوونی ئاسک دادەنرێ.
.jpg&w=3840&q=75)

