رووداو دیجیتاڵ
درەنگی شەوی رابردوو لە ئاکرێ دوو کەس کوژران و یەکێکی دیکەش بریندار بوو، کە هەر سێیان بران. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ، شەڕەکە لەنێوان کەسوکاری یەکدیدا بووە و هۆکار پارە و مامەڵەی نێوخۆیانە.
لە راگەیێندراوێکدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-10-2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند: "لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دوو کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار کراوە، کە هەموویان برای یەکن".
رووداوەکە نزیک کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو لە تەنیشت پارکی گشتیی قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک روویداوە.
موقەدەم عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لایەنی تەقەکەری تۆمەتباری رووداوەکە کەسوکاری نزیکی کوژراوەکانن، دیارە هۆکاری شەڕەکەش هەبوونی مامەڵەیەکی پارە بووە لەنێوانیاندا".
گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ گوتی، لە رووداوەکەدا چوار تۆمەتبار هەن و سێیان کە ئامۆزا و خزمی نزیکی کوژراوەکانن دەستگیر کراون، هاوکات گەڕان بۆ دەستگیرکردنی کەسی چوارەم بەردەوامە.
بەگوێرەی پۆلیسی ئاکرێ، تاوانەکە بە چەک کراوە. ئەو کەسەشی بریندار کراوە برای کوژراوەکانە. موقەدەم عیماد دەڵێ، بریندارەکە رەوانەی فریاکەوتن کراوە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە.
پۆلیسی ئاکرێ لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، هێزەکانیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمی دوو کەسیان هەڵگرتووەتەوە، کە تەمەنیان 32 ساڵ و 40 ساڵ بوون و هەردووکیان بران.
پۆلیسی ئاکرێ بە ماددەی 406ـی تایبەت بە کوشتن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ چوار کەس دەرکردووە. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سێ تۆمەتبار بە ناوەکانی (ب.ن.ک - ئه.ئ.ن - ا.ئ.ن) دەستگیر کراون و تۆمەتبارێکیش هەڵاتووە.


