رووداو دیجیتاڵ
لە ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوەکەیاندا، یەکێتیی لاوانی کوردستان هەڵمەتێکی ژینگەیی بۆ پارێزگای کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی پارێزگای دیالە ئەنجام دا.
یەکێتیی لاوانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەبۆنەی 54ـەمین ساڵیادی دامەزراندنیان، "هەڵمەتێکی ژینگەپارێزی سەرتاسەری بە ئامانجی پاراستنی ژینگە و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی، پێشخستنی کولتووری پاکوخاوێنی، پاراستنی رووبەڕی سەوزایی و هاندانی لاوان بۆ بەشداری چالاکانە لە پاراستنی سرووشتدا رادەگەیێنن".
لە بەشێکی هەڵمەتە ژینگەییەکاندا، لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و دیالە سێ هەڵمەتی نەمام رواندن بەڕێوە برا. هەروەها لە بەشێکی ئەو ناوچانە بەتایبەت ئەو شوێنانەی کوردستانین و بە جێناکۆک دانراون سیمینار و رێنمایی تایبەت بە پاراستنی ژینگە بەڕێوەچوو.
نیزام شەبیب، سکرتێری لقی گەرمیانی یەکێتیی لاوانی کوردستان، کە سەر بە حیزبی شیوعی کوردستانە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ سەردانی ناحیەی جەبارەمان لە سنووری دیالە کرد و لەوێ هەڵمەتێکی رواندنی نەماممان ئەنجام دا، کە ناوچەکە لە رووی ژینگەییەوە زۆر پەراوێز خراوە".
سکرتێری یەکێتیی لاوان گوتی، ئەم ساڵ لە یادی دامەزراندنی رێکخراوەکەیان بەگوێرەی توانای خۆیان هەڵمەتی هۆشیاریی ژینگەییان بەڕێوە بردووە و لە داهاتووشدا لەسەر کارەکانیان بۆ خزمەتکردنی ژینگە بەردەوام دەبن.


