رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی رووناکی دەڵێ، دۆخی کارەبای هەولێر ئاسایی بووەتەوە، ئەمە دوای ئەوە دێ کە پێنج رۆژ بوو کارەبای نیشتمانیی پڕۆژەی رووناکی لە بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێر کێشەی بۆ دروست ببوو.
ئەمڕۆ هەینی 23-10-2026 پڕۆژەی رووناکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارەبای گەڕەکەکانی نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەلاحەدین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد لە شاری هەولێر کە کێشەیان بۆ دروست ببوو، کێشەکەیان چارەسەر کراو دۆخەکە ئاسایی بووەوە".
دوێنێ وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، ئەو گەڕەکانەی لە شاری هەولێر کێشەی کارەبای نیشتمانییان هەبووە، تیمەکانی چاککردنەوەی وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی رووناکی کار دەکەن لەسەر ئەوەی بە زووترین کات چارەسەری کێشەکەیان بکەن.
19ـی ئەم مانگە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە وێستگەکانی خەبات، هەولێری نوێ، نووسەران، پیرزین، کۆڕێ و پارک، بەشێکی هاوبەشانی کارەبا لە پارێزگای هەولێر کارەبایان پچڕاوە.
بەهۆی کێشەکانەوە، گەڕەکەکانی نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەلاحەدین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد لە شاری هەولێر کارەبای نیشتمانییان کەمبووەتەوە.
دوای کەمبوونی کاژێرەکانی کارەبا، خۆران خۆرانی، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت، وەزارەتی کارەبا ئاگاداری کردوونەتەوە لەگەڵ بڕانی کارەبادا کار بە موەلیدەکان بکەن و کارەبا بدەنە هاوبەشان.


