رووداو دیجیتاڵ
لە ئەمڕۆ شەممەوە کوژاندنەوەی کارەبای ئەو هاوبەشانەی کارەبای سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکات کە 50 رۆژ بەسەر قەرزی کارەباکەیاندا تێپەڕیوە. بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین دەڵێ، رۆژانە سیستمەکە خۆکارانە کارەبای 400 هاوبەشی کارەبا دەکوژێنێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 24 تشرینی یەکەمی 2026، عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر ئەو هاوبەشانەی کارەبامان ئاگادار کردوونەتەوە کە قەرزداری (پرۆژەی رووناکی)ن و پسووڵەکانیان 50 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە و پێمان گوتبوون کە دەبێ قەرزەکەیان بدەنەوە."
عەلی محەممەد گوتی: "کوژاندنەوەی کارەبا یەکەمجارە لە ئیدارەی راپەڕین دەستپێدەکات. سیستمەکە خۆکارانە کارەبای ئەو هاوبەشانە دەکوژێنێتەوە کە پسووڵەکەیان 50 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە. رۆژانەش کارەبای 400 هاوبەشی کارەبا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەکوژێتەوە."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاوبەشانەی قەرزەکەیان 50 رۆژی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین گوتی: "بەگشتی زیاتر لە 115 هەزار هاوبەشی کارەبا لە ئیدارەی راپەڕین تۆمار کراون. لەو ژمارەیە زیاتر لە 10 هەزاریان قەرزداری (پرۆژەی رووناکی)ن و قەرزەکەیان نزیکە لەوەی 50 رۆژی بەسەردا بڕوات."
کارەبای راپەڕین داوا لە هاونیشتمانییان دەکات بە زووترین کات قەرزەکانی (پرۆژەی رووناکی) بدەنەوە. عەلی محەممەد دەڵێت، لەگەڵ کوژاندنەوەی کارەباکە هاوبەشانی کارەبا دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای راپەڕین بکەن و قەرزەکەی (پرۆژەی رووناکی) بدەنەوە و ئیدی کارەباکەیان خۆکارانە هەڵدەکرێتەوە.
کارەبای راپەڕین دەڵێت، بڕینی کارەباکە بە پێى مادەى 22 لە رێنمایی ژمارە (1) ساڵى(2025)ە کە تێیدا هاتووە، "هەر هاوبەشێک دوای 50 رۆژ لە وەرگرتنی پسووڵەی کارەبا قەرزەکەی نەداتەوە، کارەباکەی دەبڕدرێ."
بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین باسی لەوەش کرد، ئەو کەسانەی ناویان لە (پرۆژەی رووناکی) تۆمار نەکراوە و پێشتر لە رێگەی نامەوە ئاگادار نەکراونەتەوە، دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای راپەڕین ماوەی تێپەڕبوونی قەرزەکەیان بزانن.


