رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە 24-10-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک لەگەڵ بەرپرسانی ئیداریی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دەڤەری بادینان تاوتوێ کرا و جەخت لە پێویستیی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی ئەو سنوورە کرا."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی "بەرپرسانی دەڤەرەکەی راسپارد کە لەئاست بەرپرسیارێتیی خۆیاندا بن و بە هەموو شێوەیەک خزمەتی دانیشتووانی سنوورەکەیان بکەن."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، "حکومەت بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان."



