رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە قوتابیانی پەیمانگەی بایتی ناحکومی، نیگەرانن لە بەڕێوەبەرایەتی پەیمانگەکەیان و دەڵێن بەبێ هیچ هۆکارێک کرێی خوێندنیان زیاد کردووە، لەبەرامبەردا پەیمانگەی بایتی ناحکومی لە هەولێر رەتیکردەوە کرێی خوێندن لە پەیمانگەکەیان گۆڕابێت و رایگەیاند، نرخەکان لە گرێبەستی خوێندکاردا لە سەرەتای وەرگرتنیانەوە دیارن و تاوەکو کۆتایی پێنج ساڵەکە بە جێگیری دەمێننەوە.
مامۆستا لانە قاسم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی بایت، لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی رووداو، لە وەڵامی گلەیی ئەو خوێندکارانەی کە دەگوترێت لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا نرخی خوێندنیان لەسەر زیاد کراوە، رایگەیاند: "ئێمە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکانماندا ناکەین و هەموو خوێندکارێک لە رێگەی گرێبەستەوە لە سیستەمدا ناوی دەنووسرێت، بە هەر بڕە پارەیەک کە وەرگیراوە، نرخەکە تاوەکو ساڵی پێنجەم نەگۆڕ دەمێنێتەوە."
بەڕێوەبەری پەیمانگەی بایت ئاماژەی بەوەش کرد کە لە پەیمانگەکەیان چەندین داشکاندن و هاوکاری بۆ توێژە جیاوازەکان هەیە، لەوانەش "کەسوکاری زیندانیی سیاسی و شەهیدان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆشەکان کە بە بێ بەرامبەر یان بە نرخێکی داشکێنراو دەخوێنن."
مامۆستا لانە قاسم ئەوەشی خستەڕوو کە پەیمانگەکەیان شەش بەشی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، کە بریتیین لە: کۆمپیوتەر، ژمێریاری، کارگێڕی، نەوت و گاز، جێبەجێکردن، و بەشی ئاسایشی ئەلیکترۆنی.


