رووداو دیجیتاڵ
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، کارەبای ماڵی شاعیری دیاری کورد، لەتیف هەڵمەت بەهۆی پسوولەوە کوژایەوە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانیش دەڵێ، بڕینەکە لەڕێی سیستمەوە و بە شێوەیەکی خۆکارانە بووە، هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانیش پەیوەندی پێوە کردووە و داوای لێبووردنی لێکردووە.
رۆژی شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە: "پێشنیوەڕۆ کارەبای ماڵی شاعیری گەورەی گەلەکەمان مامۆستا لەتیف هەڵمەت کوژاوەتەوە و کوژانەوەکەش پەیوەندی بە پسوولەی کارەباوە هەبووە، چونکە سیستمەکە ناوی هاوبەش ناناسێت و خۆکارانە دەیکوژێنێتەوە."
بەپێی روونکردنەوەکە، راستەوخۆ دوای ئاگاداربوون لە رووداوەکە، پەیوەندی بە مامۆستا لەتیف هەڵمەتەوە کراوە، زانیارییەکانی لێوەرگیراوە و دەستبەجێ کارەبای ماڵەکەی بۆ هەڵکراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەڵێ، ئەندازیار ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی پەیوەندی بە شاعیر لەتیف هەڵمەتەوە کردووە و بەهۆی رووداوەکەوە داوای لێبووردنی لێکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی پێی راگەیاندووە کە کوژانەوەی کارەبای ماڵەکەی بەهۆی سیستمی ئۆتۆماتیکییەوە بووە، "ئەگینا مامۆستا لەتیف سەرمایەیەکی گەورەی کوردستانە و جێگەی شانازییە کە هەمیشە خزمەتی بکرێت."
بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا لە سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین دەستیان بە بڕینی کارەبای ئەو هاوبەشانە کردووە کە زیاتر لە 50 رۆژ بەسەر وەرگرتنی پسوولەی کارەباکەیاندا لە (پڕۆژەی رووناکی) تێپەڕیوە و قەرزەکەیان نەداوەتەوە.
ئەمڕۆ ، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "لەدوای تەواوبوونی قەرزی کۆنی کارەبا، ئەو بڕیارە زۆر بە روونی باسکرابوو کە دوای 18ـی ئەم مانگە دەست بە بڕینی کارەبای ئەو شوێنانە دەکرێت کە 50 رۆژ بەسەر نەدانی پارەکەیاندا تێپەڕیوە. ئێمە دەستمان پێکردووە و کارەبای چەندین ماڵیشمان بڕیوە، رۆژانەش کارەبای ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا پارەیان نەداوە دەبڕدرێت و لەسەر رێکارەکان بەردەوامین."




