رووداو دیجیتاڵ
نرخی لیترێک گازی بازرگانی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەزی. لە پارێزگای هەولێریش هەر لیترێک گاز 75 دیناری چووەسەر.
رۆژی یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، عومەر عەبدوڵڵا، بەرپرسی بەشی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "نرخی لیترێک گازی بازرگانی لە سەرجەم بەنزینخانەکان بۆ 500 دینار دابەزیوە، لە کاتێکدا دوو رۆژ لەمەوبەر لیترێک گاز بە 600 دینار دەفرۆشرا."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم دابەزینە، عومەر عەبدوڵڵا گوتی: "هاونیشتمانییان خواستیان لەسەر گازی بازرگانی نەماوە و پێویست ناکات بچن لە بەنزینخانەکان بیکڕن، چونکە مانگانە بڕی پێویستیان بەسەردا دابەش دەکرێ."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا بۆ وەرزی زستان گازی پێویست کۆگاکراوە؟ ئەو بەرپرسەی دابەشکردنی گاز گوتی: "هاونیشـتمانییان دڵنیا دەکەینەوە هێندە گازمان کۆگا کردووە کە ئەم زستانە کەس پێویستی بەوە نابێت لە بەنزینخانەکان گاز بکرێ و نرخەکەیشی بەرزنابێتەوە".
لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش نرخەکەی بۆ 475 دینار دابەزیوە، لە کاتێکدایە لە ئاداری ئەم ساڵ نرخی لیترێک گاز لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 1400 بۆ 1600 دینار.
ئەمرۆ یەکشەممە، رێبین حەیدەر، گازفرۆش لە هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "نرخی لیترێک گاز دابەزیوە بۆ 495 دینار، لە کاتێکدا دوو رۆژی پێش ئێستا نرخەکە 560 دینار بوو".
لە هەولێر نرخەکە بەرزبووەوە
هەر ئەمڕۆ یەکشەمە، جەمال ساڵح، خاوەنی (بەنزینخانەی قەساب) لە هەولێر بە رووداوی گوت: بەراورد بە سێ رۆژ پێش ئێستا نرخی لیترێک گاز 75 دینار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 595 دینار.
خاوەنی ئەو بەنزینخانە روونی کردەوە، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکە بۆ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی هاونیشتمانییان بۆ خۆگەرمکردنەوە گاز بەکار دەهێنن.

.jpeg&w=3840&q=75)

