رووداو دیجیتاڵ
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، لەپێناو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و گەشەپێدانی کەرتی بەرهەمهێنان، لە سنووری پارێزگای هەولێر رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی 38 پڕۆژەی نوێی پیشەسازی دراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی لیژنەی تایبەتمەند، کۆبوونەوەی لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیریی پڕۆژە پیشەسازییەکان بەڕێوەچوو.
ئومێد خۆشناو بە رووداوی راگەیاند: "پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکان بەردەوامە و لەپێناو هاندان و رەخساندنی دەرفەتی زیاتری کار، هەموو ئاسانکارییەک لە رێکارە کارگێڕییەکان و کەمکردنەوەی رۆتین بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا بە مەبەستی فراوانکردنی چالاکییە پیشەسازییەکان، پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆ و رەخساندنی هەلی کار، رەزامەندی لەسەر 38 پڕۆژەی پیشەسازی دراوە.
هەروەها تاوتوێی دۆخی پڕۆژە پیشەسازییەکان، پێداویستییەکان، جۆری خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانیان کراوە؛ پارێزگاری هەولێریش جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنەران و خاوەن پڕۆژە پیشەسازییە گەورە و مامناوەندەکان کردووەتەوە بەپێی یاسا و رێنماییەکان.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئایار مۆڵەت بە 35 پڕۆژەی جۆراوجۆر دراوە، کە نۆ لەوانە پڕۆژەی کەرتی پیشەسازی بوون.



