رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی کۆیە، دوای کڕینی شیرینی لە یەکێک لە دووکانەکانی ناحیەی هیران، بۆی دەرکەوتووە کە کرمی تێدایە و بەهۆی خواردنییەوە، منداڵەکەی ژەهراوی بووە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە. بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکەش دەستیان بە هەڵمەتێکی پشکنین کردووە و دەست بەسەر بڕێکی زۆر خۆراکی ماوەبەسەرچوو و ناتەندروستدا گیراوە.
هەکار ئیسماعیل، ئەو هاونیشتمانییەی کە منداڵەکەی نەخۆش کەوتووە، چیرۆکی رووداوەکەی لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو گێڕایەوە کە رێبواری عەلی پێشکێشی کرد، ئەو گوتی: "ئێوارەی رۆژی هەینی لە کاتی گەڕانەوەمان، لەسەر رێگە لە هیران لاماندا و لە دووکانێکدا چەند مشتێک شیرینیم لەنێو کیسێک کرد و بۆ ماڵەوەم کڕی. بۆ بەیانییەکەی، خێزانم و منداڵە بچووکەکەم لێیان خوارد. دواتر خێزانم بینیی کە شیرینییەکە کرمی تێدایە."
هەکار، باسی لەوە کرد کە دوای خواردنی شیرینییەکە، تەندروستیی منداڵەکەی تێکچووە. "بەپەلە منداڵەکەم بردە نەخۆشخانەی کۆیە، بەڵام کەمتەرخەم بوون و گوتیان بیبە بۆ هەولێر. ئێستا 48 کاژێرە لە نەخۆشخانەی راپەڕینی منداڵان لە هەولێر خەوێندراوە و دۆخی زۆر خراپە."
ئەو هاونیشتمانییە نموونەیەک لە شیرینییەکانی لەگەڵ خۆی هێنابووە ستۆدیۆی رووداو، کە تێیدا کرمێکی گەورە بە ئاشکرا دەبینرا و دەجووڵایەوە. هەکار گوتی: "لە ماڵەوە 10 دانە شیرینیم کردەوە، 8 دانەیان کرمی تێدابوو. ئەمە دووەمجارە خواردنی خراپ لەو ناوچەیە دەکڕم، پێشتریش هەنجیرم کڕیبوو کەڕووی کردبوو."
لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا، هەکار، رایگەیاند چاوەڕێی باشتربوونی تەندروستیی منداڵەکەی دەکات و گوتی: "ئەگەر دۆخی باشتر نەبێت، لە خاوەنی دووکانەکە خۆشنابم."
دوای ناردنی گرتەڤیدیۆی شیرینییەکە لەلایەن رووداوەوە بۆ قایمقامی شەقڵاوە و بەڕێوەبەری ناحیەی هیران، لەسەر ئەم بابەتە، تیمەکانی قایمقامیەتی شەقڵاوە و شارەوانی و تەندروستی دەستیان بە هەڵمەتێکی پشکنین لە سنووری ناحیەی هیران کرد.
جەلال عەزیز، بەڕێوەبەری ناحیەی هیران بە وەکالەت، بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە کە کرم لە بەرهەمی چەند شوێنێکدا دۆزراوەتەوە و گوتی: "گەڕان و پشکنین بەردەوامە. کرم تەنیا لەنێو شوکولاتە نییە، بەڵکو لە چەند بابەتێکی دیکەشدا هەیە، بەتایبەت لەنێو ئەو بەرهەمانەی کە پێیاندەگوترێت خۆماڵی."
بەڕێوەبەری ناحیەی هیران، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەنجامی هەڵمەتەکەدا، "یەک پیکاب و نیو خواردنی ماوەبەسەرچوو و کرملێدراو دەستی بەسەرداگیراوە" و رایگەیاند کە سبەی سێشەممە رێکاری ئیداریی تووند بەرامبەر سەرپێچیکارەکان دەگیرێتەبەر، کە لەوانەیە داخستنی شوێنەکانیان یان سزای دارایی بێت.
دکتۆر شەیدا تاڵەبانی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خێزان، سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم جۆرە خواردنانە لە (بەرپرسیار) هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر خواردنێک گەیشتە ئەو قۆناخەی کرم تێیدا ببینرێت، واتە ماوەیەکی زۆر پێشتر بەکتریا لێیداوە و ژەهراوی بووە. کێشەی سەرەکی، کرمەکە نییە، بەڵکو ئەو ژەهر (تۆکسین)ەیە کە بەکتریاکە لەنێو خواردنەکەدا دروستی کردووە."
دکتۆر شەیدا، روونیکردەوە کە ترشەڵۆکی گەدە لەوانەیە کرمەکە لەنێو ببات، بەڵام ناتوانێت بەرەنگاری ژەهری بەکتریاکە ببێتەوە. کاریگەرییەکەش بەپێی بەرگریی لەشی کەسەکە و بڕی خواردنە ژەهراوییەکە دەگۆڕێت.
ئەو پسپۆڕە جەختی لەوە کردەوە کە نیشانە ترسناکەکان بریتین لە رشانەوەی تووند و سکچوون کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی لەش، بەتایبەتی لە منداڵان، بەساڵاچووان و ئەو کەسانەی بەرگریی لەشیان کەمە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات بگەیێندرێنە نەخۆشخانە.


