رووداو دیجیتاڵ
لەنزیک گەڕەکی شارەوانی لە سلێمانی لە کاتی نۆرەگرتن بۆ بەنزین ئۆتۆمبێلێک لە هاونیشتمانییەکی دا و دەستبەجێ گیانی لە دەستدا، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە رادەست کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، موقەدەم ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "بەیانیی ئەمڕۆ لە نزیک (گەراجی موەحەد) لە گەڕەکی شارەوانی، هاونیشتمانییەکی تەمەن 80 ساڵ لە نۆرەی بەنزین دا ئۆتۆمبێلێک لێی دا و دەستبەجێ گیانی لە دەستدا."
ئاری لەتیف گوتی: شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دوای رووداوەکە لە شوێنەکە هەڵاتووە، بەڵام دواتر لەلایەن کەسوکارەکەیەوە رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرا و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو هاونیشتمانییە ئۆتۆمبێلەکەی لە نۆرەی بەنزین دا جێهێشتووە و چووەتە یەکێک لە مزگەوتەکانی ئەو گەڕەکە لە کاتی هاتنەوەیدا رووداوەکە روویداوە.



