رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رەتیدەکاتەوە ئەو کەسەی لە کەلار 'وێنەی نەشیاوی لەنێو مۆبایلەکەیدا بووە' مامۆستای ئایینی بێت و دەڵێت، سێ ساڵ بەر لە ئێستا خۆبەخشانە ماوەیەکی کەم کاری پێشنوێژی کردووە و قورئانی خوێندووە و دواتر دوورخراوەتەوە.
یەکێتیی زانایان لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەسێک لە کەلار، گوایە وێنەی نەشیاو لەنێو مۆبایلەکەیەوە هەبووە، لەنێو دەزگایەکانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا بە مەلا بڵاوکرایەوە و لەم پەنایە هێرشی ناڕەوا کرایە سەر مامۆستایانی ئایینی، لە کاتێکدا ئەو کەسە هیچ پەیوەندی بە پیشە و کاری مەلایەتیەوە نیە و دەرچووی هیچ ناوەندێکی خوێندنی ئایینیش نییە."
دوێنێ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، کەسێک لە کەلار بە فەرمانی دادوەر راگیراوە، دوای ئەوەی لەکاتی پشکنینی مۆبایلەکەیدا زیاتر لە 400 وێنەی تایبەتی ئافرەت بیندراون، کە بەشێکیان "نەشیاو بوون."
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "ئەو کەسە سێ ساڵ بەر لە ئێستا خۆبەخشانە ماوەیەک کەم کاری پێشنوێژی کردووە و قورئانی خوێندووە و دوورخراوەتەوە، بۆ دڵنیایی هەموو لایەک، ئەو کەسە هیچ بڕوانامە و سیفەتێکی فەرمی مەلایەتی نەبووە، لە هەمان کاتدا نە ئەندامی یەکێتیی زانایانە، نە فەرمانبەر و خۆبەخشی فەرمیی ئەوقافیشە."
دەشڵێت: "نیگەرانی زۆرمان لە دەزگایەکانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا ئەوەیە، کە بە هەستیاری و وەک خۆی مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و رووداوەکان ناکەن و پیشە و ناوی پیرۆزی مەلایەتی لەبەر هەڵەی کەسێکی نا مەلا دەزڕێنن، کە بەداخەوە نەدەبوو بەشێکی کەناڵ و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەو شێوەیە بڵاوی بکەنەوە و، بە بێ بەڵگە لەسەر هەموو مامۆستایانی ئایینی حیساب بکرێت، چونکە هەر کەس دەنگخۆش بوو یان پێشنوێژی کرد یان دوو ئایەت و فەرمودەی خوێندەوە و خۆی بەبانگخواز ناساند، مانای ئەوە نیە مەلا بێت. داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین رێکاری تووندتر بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنە بەر کە مۆڵەت و رێپێدانی مەلایەتیان نیە و مزگەوت بەکار دەهێنن."

