رووداو دیجیتاڵ
لە نێو دووکانێکی ناوچەی پیشەسازیی قەزای کەلار لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، تەرمی دوو کەس دۆزرانەوە کە شوێنەواری کوشتن بە جەستەیانەوە دیارە.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بە رووداوی راگەیاند: "ئاگادار کراینەوە لە بوونی دوو تەرم لە ناوچەی پیشەسازیی کەلار، دەستبەجێ ئەمبوڵانسمان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کرد بۆ هێنانەوەی تەرمەکان."
سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکان و کاتی رووداوەکە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوە کرد: "گومان دەکرێت شەوی رابردوو کوژرابن؛ یەکێکیان ناوی محەممەدە و وەستایە، ئەوی دیکەشیان ناوی سامانە، هەردووکیان پێکەوە کوژراون."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو دوو کەسە پیشەیان فیتەریی ئۆتۆمبێل بووە و شەوی رابردوو لە دووکانەکەی خۆیاندا ماونەتەوە. هاوکات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە.


