رووداو - رادیۆ
بەشێک لە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی داوای کەمکردنەوەی کۆنمرەی پێشکەشکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان (ئەهلییەکان) دەکەن، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی وەرگرتن بەپێی رێنماییە نوێیەکان بەڕێوەدەچێت و هیچ بڕیارێک بۆ داشکاندنی نمرە لە ئارادا نییە.
خوێندکاران ئاماژە بەوە دەکەن لە ساڵانی رابردوودا وەزارەت ئاسانکاریی دەکرد و کۆنمرەی وەرگرتنی کەمدەکردەوە (وەک ساڵی رابردوو کە بە رێژەی 0.5٪ داشکاندن کرا)، بەڵام ئەمساڵ ئەو بڕیارە نەدراوە و ئەگەری هەیە بەشێکیان لە خوێندن لە بەشە ئارەزووبەخشەکانیان بێبەش بن.
لە بەرامبەردا، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "وەزارەت لە رێگەی گشتاندنی فەرمیی ژمارە (15900) سەرجەم مەرج، پێوەر و کەمترین کۆنمرەی وەرگرتنی لە سەرجەم کۆلێژ و بەشەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 بڵاوکردووەتەوە و بەپێی ئەو رێنماییانە کار دەکرێت و هیچ بڕیارێکی پێچەوانە دەرناکرێت."
کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027:
بەپێی ئەو رێنماییە فەرمییەی بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی تایبەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەریکردووە، کەمترین کۆنمرەی پێشکەشکردن بۆ بەشە جیاوازەکان بەمشێوەیەیە:
کۆلێژە پزیشکییەکان (تەنیا بۆ لقی زانستی):
پزیشکیی ددان: 87
دەرمانسازی: 81
پەرستاری: 72
کۆلێژە ئەندازیارییەکان (تەنیا بۆ لقی زانستی):
تەلارسازی (بیناسازی)، شارستانی و پلانسازیی شار: 77
نەوت و کانزا (ئەندازیاریی پاڵاوگەی نەوت و گاز): 74
کۆمپیوتەر و گەیاندن، کارەبا، میکاترۆنیک، میکانیک، پیشەسازی، دیزاینی ناوخۆ، سیستمەکانی کۆنتڕۆڵ، پڕۆگرامسازی، ژیریی دەستکرد، فڕۆکەوانی، رووپێوی و هێڵکاری: 72
ژینگە: 67
کۆلێژەکانی زانست و زانستە تەندروستییەکان (بۆ لقی زانستی):
شیکاریی نەخۆشییەکان، شیکاریی کیمیایی پزیشکی، بایۆلۆجیی پزیشکی، تاقیگەی پزیشکی، چارەسەری سرووشتی، وێنەی پزیشکی، سڕکردن، زانستی چاو: 59
تەکنەلۆجیای ددان: 67
کۆمپیوتەر، ئایتی، سیستمەکانی زانیاری، کیمیا، فیزیا، بیرکاری: 57
تەندروستیی کۆمەڵ، نیوتریشن (خۆراک): 55
کۆلێژەکانی یاسا، زانستە رامیارییەکان و کارگێڕییەکان (زانستی و وێژەیی):
یاسا: 62
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی، زانستە رامیارییەکان، پەیوەندییە گشتییەکان: 57
کارگێڕیی کار، ئابووری، دارایی و بانک، بازاڕگەری، ژمێریاری، راگەیاندن (دیجیتاڵ میدیا): 55
سەرجەم پەیمانگە تەکنیکی و کارگێڕییەکان (بۆ سەرجەم بەشەکان): 50
گرنگترین مەرج و رێنماییە نوێیەکان: کەمترین کۆنمرەی گشتی: کەمترین کۆنمرە بۆ پێشکەشکردن لە زانکۆ تایبەتەکان 55٪ـە و لە پەیمانگە تایبەتەکان 50٪ـە.
پاشگەزبوونەوە لە وەرگرتن: خوێندکار لە کاتی وەرگرتنی لە زانکۆیەکی تایبەت، تاوەکو 10 رۆژ مافی کشانەوەی دۆسیەکەی هەیە بەبێ بڕینی پارە، دوای 10 رۆژەکە ئەگەر پاشگەزبووەوە دەبێت 50٪ـی قیستی ساڵانەی بدات.
وەرگرتنی قیستەکان: زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان پابەند دەکرێن کە کرێی خوێندن بە پێنج قیستی یەکسان لە خوێندکاران وەربگرن و رێگە نادرێت خوێندکار لەبەر نەدانی قیست لە تاقیکردنەوە بێبەش بکرێت.
مافی کێبڕکێ لە حکومی: هەر خوێندکارێک لە زانکۆیەکی تایبەت ناوی بگەڕێتەوە، دەتوانێت لە زانکۆ حکومییەکانیش ناوی خۆی بنووسێت، تاوەکو دڵنیادەبێتەوە لە کامەیان دەخوێنێت.
دەقی رێنمایی وەرگرتنی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027


