رووداو - رادیۆ
دانیشتووانی گەڕەکی هیران سیتی 1 لە سنووری قەزای بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، نیگەرانیی خۆیان لە بڵاوبوونەوەی دووکەڵێکی رەشی خنکێنەر لە کاتەکانی شەودا دەردەبڕن و دەڵێن، تەندروستیی نەخۆشانی رەبۆ و هەناسەتەنگیی خستووەتە مەترسییەوە؛ قایمقامی بنەسڵاوەش رایدەگەیێنێت کە بەدواداچوونی ئەمنی دەستیپێکردووە و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
خالید گەردی، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی هیران سیتی 1 بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "شەوانە لە ناوچەکانی نێوان هیران سیتی و کەسنەزان، دووکەڵێکی رەشی زۆر بڵاودەبێتەوە کە بەهۆی سووتاندنی کەرەستەی جیاوازەوە دروستدەبێت؛ من و هاوژینەکەم نەخۆشیی رەبۆ و هەناسەتەنگیمان هەیە و شەوانە بە ئەستەم دەتوانین هەناسە بدەین."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، شەوان و لە کاتی هەڵکردنی بادا کەرەستەکان دەسووتێنن بۆ ئەوەی شوێنەکەیان بە ئاسانی ئاشکرا نەبێت.
لە وەڵامی ئەم نیگەرانییانەدا، جوان رەفیق، قایمقامی قەزای بنەسڵاوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کە ئەوان ئاگاداری گرفتەکەن و لە رێگەی لیژنەی ئەمنی و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوونی بەردەوامیان دەستپێکردووە.
قایمقامی بنەسڵاوە هۆکاری دووکەڵەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "دووکەڵەکە بەهۆی ئەوەوە دروستدەبێت کە هەندێک کەسی نابەرپرس تایە، وایەر و کێبڵ [بۆ دەرهێنانی مس و فافۆن] دەسووتێنن لە هەر شوێنێکیش ئاگادارکرابینەوە، تیمەکانی شارەوانی و بەرگریی شارستانی دەستبەجێ چوونەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە."
جوان رەفیق جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوە و چاودێریی ئەمنی بەردەوامە و دوای دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی، سەرجەم سەرپێچیکاران دەستگیر دەکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە

