رووداو دیجیتاڵ
هەڵوێستی بەشێک لە فراکسیۆنەکان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان روونە و کە ژمارەی کورسییەکانیان دەگاتە 43 کورسی، بەڵام لایەنەکانی دیکە زۆرینەیان هەڵوێستیان ناڕوونە. ناوی چەند پەرلەمانتارێکیش دەهێندرێت کە بەشداری دەکەن، بەڵام بەشێکیان رەتیدەکەنەوە و یەکێکیشیان دەڵێت سبەی ئاشکرای دەکات.
بۆ تەواوکردنی رێژەی یاسایی، لە کۆی 100 پەرلەمانتار دەبێت لانیکەم 51 پەرلەمانتار ئامادەبن، جگە لە پارتی کە 39 کورسی هەیە، سێ پەرلەمانتاری پێکهاتەکان و پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی کوردستان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوەی سبەی، بەڵام یەکێتی و بەشێکی دیکەی لایەنەکان بە فەرمی هەڵوێستیان رانەگەیاندووە.
هەڵوێستی لایەنەکان لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە:
فراکسیۆنی پارتی (39 کورسی): سبەی ئامادەن بۆ کۆبوونەوە.
پێکهاتەکان (سێ کورسی، دوو کریستیان و یەک تورکمان): هاوهەڵوێستی پارتین و بەشداری دەکەن
پێکهاتەکان (دوو کورسی، یەک کریستیان و یەک تورکمان): هەڵوێستیان لەگەڵ یەکێتییە.
هاوپەیمانیی کوردستان (یەک کورسی - سۆسیالیست): بەشداری دەکەین.
فراکسیۆنی یەکێتی (23 کورسی): هیچ ئاگادارییەکمان بۆ نەهاتووە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی بکەین یان نا، دواتر هەڵوێستمان رادەگەیێنین.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ (15 کورسی): یەکلا نەبووینەتەوە بەشداری دەکەین یان نا، چاوەڕوانی بڕیاری سەرووی خۆمانین.
یەکگرتوو (7 کورسی): کۆدەبینەوە و دۆخەکە تاوتوێ دەکەین، پاشان بڕیار دەدەین سبەی بەشداری دەکەین یان نا.
هەڵوێست (4 کورسی): بەشداری کۆبوونەوە و دەنگدانی سبەی ناکەین.
بەرەی گەل (2 کورسی): دوای تاوتوێکردنی دۆخەکە هەڵوێستی خۆمان رادەگەیێنین، کە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەین یان نا.
گۆڕان (یەک کورسی): هیچ هەڵوێستێکیان رانەگەیاندووە.
بەشێکی پێکهاتەکان (2 کورسی): بەشداری ناکەین.
کۆمەڵ (دوو کورسی): بایکۆتی پەرلەمانیان کردووە.
هێرۆ عەتار، پەرلەمانتاری سەربەخۆ: بەشداری ناکات
ئەو کەسانەی ئەگەر هەیە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی بکەن
- یەکێک لەو ناوانەی دەهێندرێت کە سبەی بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات، هەردی سەڵاح، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتییە کە ئەمڕۆ دەستی لەکار کێشایەوە. لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت: "سبەی دەبینن چی روودەدات".
- دەنگۆ هەیە دوو پەرلەمانتاری نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەی سبەی بکەن، هەردوو پەرلەمانتارەکە بە رووداویان گوت، راست نییە و چاوەڕێی بڕیاری سەرووی خۆیان دەکەن.



