رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵە رایدەگەیێنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانیان لە باشووری کوردستان. هاوکات لە سنووری تەوێڵەی هەورامانیش "هێرشی ئاسمانی" کراوە.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە درێژەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، کاژێر 8:40ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە رێی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە یەکێک لە بارەگاکانمان لە دۆڵی ئالانەی سەر بە ناوچەی بالیسان کراوەتە ئامانج".
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەو حیزبەی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێرشە درۆنییەکە بێجگە لە زیانێکی کەمی مادی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و سەرجەم پێشمەرگەکانیان لەو ناوچەیەدا سەلامەتن.
لەبارەی کۆی هێرشەکانی سەر بارەگاکانیان، ئیدریس کولاهدوزی، ئەندامی کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دەستپێکی جەنگەوە بە زیاتر لە 150 درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەرمان و 12 شەهیدیشمان هەبووە."
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026 لەدوای کاژێر 02:00 هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر ماڵێک لە تەوێڵە، کە بەهۆیەوە زیانی زۆر بەر ماڵەکە کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
وێڕای راگیرانی جەنگ لە ناوچەکەدا، بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 30 رۆژی مانگی تشرینی یەکەمدا، بە پێنج درۆن و چوار مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەراورد بە مانگی پێش خۆی، هێرشەکان بۆ کەمتر لە نیوە کەمیان کردووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی جەنگەوە لە 28ـی شوبات تاوەکو ئەمڕۆ هەینی 30-10-2026 بە 1021 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.




